بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژنڕاڵ " مونیر شەحادە " ڕێکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی حکومەتی لوبنان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفێل) و سەرۆکی پێشووی دادگای سەربازیی ئەم وڵاتە بە ئاماژە بە هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر قەتەر، وتی: پاش لێدوانەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ڕوون بووەتەوە کە لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، ڕژێمی زایۆنیستی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ کە تێیدا وڵاتانی عەرەبی بە وڵاتان و سنورەکانی ئێستاوە دابەشکران، بە فەرمی ناناسێت، کاتێک باراک ئەمە دەڵێت، بە واتای ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ یەک لە سنورەکانی وڵاتانی دراوسێی خۆی بە فەرمی ناناسێت.

ناوبراو وتی: من پێم وایە کە ئامانجی هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر دەوحە، تیرۆری سەرکردەکانی حەماس نەبووە، بەڵکوو دەستدرێژییەک بۆ سەر ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ، هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و پەیامێک بۆ ئەم وڵاتانە بووە سەبارەت بەوەی کە چیدی هێڵێکی سوور یان بەربەستێک نەماوە.

شارەزا لوبنانییەکە وتی: ڕژێمی زایۆنیستی پایتەختی وڵاتانی عەرەبی بۆردومان دەکات و هەوڵ بۆ بەدیهاتنی پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە دەدات، ئەگەر بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی بەردەوام بێت، ئیسرائیل پەرە بە بوونی خۆی دەدات.

ڕاشیگەیاند کە پەیامی هێرشەکە ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی بە گڵۆپی سەوز و هاوکاری ئەمریکا بەرەو بەدیهاتنی ئامانجەکەی (ئیسرائیلی گەورە) هەنگاو دەنێت./.