هێرشی ڕاستەوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکی قەتەر خاڵی وەرچەرخانە لە هەڵسووکەوتە ئەمنییەکانی ئەو ڕژێمە. لە ڕابردوودا تەلئەبیب تا ڕادەیەکی زۆر ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک سوریا و لوبنان سنوردار کردبوو، بەڵام بە ئامانجگرتنی دەوحە کە وڵاتێکە میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژئاوا دەکات، قۆناغێکی نوێی سیاسەتی شەڕەنگێزیی ڕژێمی زایۆنیستی دیاری دەکات.
لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە ئەم کردارە هەڵگری چەند پەیامێکە؛
یەکەم: تەلئەبیب بەنیازە پیشان بدات کە هیچ سنورێک ناناسێت لە بەدواداچوونی سەرکردەکانی خۆڕاگری و تەنانەت دەتوانێت لە دڵی سەلامەتترین پایتەختەکانی عەرەبیشدا کار بکات.
دووەم: ئەم هێرشە جۆرێکە لە پیشاندانی هێز بەرامبەر بە بەرەی خۆڕاگری و تەنانەت هەندێک وڵاتی عەرەبی کە لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی ناوبژیوانی ئاشتییان داوە. لە ڕاستیدا ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت بەم کارە وا لە ئەکتەرە ناوچەییەکان بکات لەوە تێبگەن کە ئاسایشیان بەندە بە بڕیارەکانی تەلئەبیب و هەر جۆرە پشتیوانییەک بۆ گرووپە خۆڕاگرییەکان دەتوانێت تێچووی زۆری هەبێت.
بەڵام کاردانەوەی خێرا و بەربڵاوی وڵاتانی عەرەبی دەریخست کە ئەم حیساباتەی ڕژێمی زایۆنیستی دەتوانێت ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت. لە سعوودیە و میسرەوە تا ئەردەن و ئیمارات، نزیکەی هەموو ئەکتەرە عەرەبییەکان ئەو هێرشەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری قەتەر و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی بەکۆمەڵی ناوچەکە ناو برد. تەنانەت ئەو وڵاتانەی لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تەلئەبیب ئاسایی کردبووەوە، ئەمجارەیان ناچار بوون لە گەڵ دەوحە بوەستن. ئەم لێکنزیکبوونەوە بێ وێنەیە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی گوتاری دژە زایۆنیستی لە جیهانی عەرەبیدا و تەلئەبیب بخاتە گۆشەگیرییەکی سیاسی نوێ.
یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم هێرشە بڕیاری قەتەرە بۆ ڕاگرتنی نێوەندگیرییەکەی لە دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان حەماس و ڕژێمی زایۆنیستی. لە ساڵانی ڕابردوودا قەتەر ڕۆڵێکی ئەرێنیی هەبووە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان بە میوانداریکردنی نووسینگەی سیاسی حەماس و دامەزراندنی کەناڵەکانی پەیوەندی لە گەڵ ڕۆژئاوا. بە تایبەت ئەمریکا. بەڵام هێرشی ئەم دواییە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم ڕۆڵەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و پێگەی دەوحەی وەک نێوەندگیرییەکی بێلایەن تێکداوە.
لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە ئەم پێشهاتە دەتوانێت هاوکێشەکە لە غەززە زیاتر ئاڵۆز بکات. لە غیابی نێوەندگیڕیی قەتەر، پێدەچێت میسر یان تورکیا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدەن، بەڵام هیچ کام لە وڵاتان ئەو جۆرە پەیوەندی و متمانەی یەکتریان نییە کە دەوحە و حەماس هەیانە. ئەمەش دەتوانێت هەر ڕێکەوتنێکی ئاگربەست دوابخات و تەنانەت ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕەکان زیاد بکات.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ڕۆڵی ئەمریکایە لەم کارەدا. ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە واشنتن ئاگاداری هێرشەکە بووە و تەنانەت گڵۆپی سەوزی ناڕاستەوخۆی حکومەتی ئەمریکاش، ڕەخنەی بەرفراوانی جیهانی عەرەبی و لە نێو بیروڕای گشتیدا لێکەوتووەتەوە. زۆر کەس پێیان وایە کە پشتیوانی بێدەنگی ئەمریکا بۆ کارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر متمانەی واشنتن وەک ئەکتەرێک کە بانگەشەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، تێکدەدات. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە زلهێزە ڕکابەرەکانی ئەمریکا وەک چین و ڕووسیا نزیک ببنەوە، ئەو وڵاتانەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە پێگەی دیپلۆماسی خۆیان بەهێزتر بکەن بە نێوەندگیری لە قەیرانەکانی ناوچەکەدا./.