بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، قەڵای ڕودخان یەکێکە لە شوێنە گەشتیارەکانی پارێزگای گیلان کە گەشتیاران
بە کۆشکی شاری فومەن لە باکووری وڵاتی ئێران ناوی دەبەن. ئەم قەڵا هەزار پلیکانییە، بە دیوارە بەرزەکانیەوە
و پێکهاتەی نادیار و شکۆدار، بە بینایەکی بەرگری کۆن دادەنرێت کە بەهۆی شوێنە
ستراتیجیەکەیەوە هەرگیز لە هیچ جەنگێکدا داگیر نەکراوە.
شوێنەواری
مێژوویی قەڵای ڕودخان لە گوندی ڕودخان لە قەزای فومەن و لە پارێزگای گیلان هەڵکەوتووە.
ئەم شوێنە گەشتیارییە، کە پێشتر لە سەردەمی کۆندا بۆ مەبەستی سەربازی بەکار دەهات،
دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانییەوە و گەیشتن پێی زەحمەتە.
قەڵای ڕودخان
تا سەدەی هەژدەهەم نەناسراو بوو و بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1830 لەلایەن ئێرانناسێکی
پۆڵەندی بەناوی ئەلێکساندەر ناسێنرا. تەمەنی قەڵای ڕودخان نادیارە. هەرچەندە شوێنەوارناسان
تەمەنی بەردەکانی بە 3 یان 4 هەزار ساڵ دەخەمڵێنن و پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم قەڵایە
لە سەردەمی ئەشکانی یان ساسانیدا درووستکرابێت.
هۆکاری ناونانی قەڵای ڕودخان وەک مێژووی پڕ لە ئاژاوەکەی، چەندین
چیرۆکی هەیە. دەوترێت هۆکاری ناولێنانی ئەم قەڵایە بە قەڵای ڕودخان ئەمە بووە کە
شوێنەکەی لە تەنیشت ڕووباری فومەن هەڵکەوتووە.
شوێنەواری مێژوویی قەڵای ڕودخان لە گیلان ڕووبەرەکەی 26 هەزار
مەتر دووجایە و کۆی درێژی دیوارەکانی دەوروبەری 1500 مەتره. ئەم قەڵایە 935 پلیکانی
کۆن و نزیکەی 700 پلیکانی نوێی هەیە. قەڵای ڕودخان یەکێک بووە لە ستراتیجیترین شوێنی
بەرگری ئێران و گەورەترین قەڵای خشتی ئێرانە لە ڕابردوودا کە 65 تاوەری چاودێری لەخۆ
دەگرێت.
ئەگەر دەتانەوێت
قەڵای ڕودخان لە فومەن ببینن لە وەرزەکانی جیاوازی ساڵدا، پێشنیاری هەڵبژاردنی بەهار
یان پاییز دەکەین. لە بەهاردا، سەوزایی دارستان و کەش و هەوای خۆشی بەهار پێشوازی
لە گەشتیاران دەکات. هەروەها لە پاییزدا ڕەنگی گەڵای پاییزی دارستانەکە بەڕاستی وێنەی
قەڵاکە تایبەت دەکات.
قەڵای رودخان یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی
شاری فومەن. بەڕادەیەک کە ساڵانە نزیکەی 5000 کەس لە نەورۆزدا سەردانی ئەم شوێنەوارە
مێژووییە دەکەن. لە سەرەتای ڕێگاکەدا و پێش دەستپێکردنی پلیکانە زۆرەکان، دەتوانیت
سوود لە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان وەربگریت لەوانە چێشتخانە جیاوازەکان لەگەڵ
خواردنی خۆماڵی، دوکانی پیشەسازی دەستی یان ستۆدیۆی فۆتۆگرافی بۆ گرتنی وێنەی یادگاری
بە جلوبەرگی خۆماڵی. هەروەها ئەم ناوچەیە ئاودەست و هۆڵی نوێژخوێندن تێدایە./.