بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مانگۆ میوەیەکی شیرین و بەناوبانگ کە ناسراوە بە پاشای میوەی خولگەیی و لە زۆربەی وڵاتان بە یەکێک لە بەنرخترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ناسراوە. ئەم میوەیە نەک تەنها تامێکی تایبەت و جیاوازی هەیە بەڵکو دەوڵەمەندە بە ڤیتامین، کانزا، دژە ئۆکسێنەرەکان و ڕیشاڵ.

ڤیتامین C و A؛ تێکەڵەیەکی زێڕین بۆ بەرگری و بینین:

مانگۆ سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C. ماددەیەک کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە و هەروەها بەرگری جەستە بەرامبەر نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و هەوکردنی بەکتریاییەکان زیاد دەکات. هەروەها ڤیتامین A ی ناو مانگۆ یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی چاو و کەمکردنەوەی وشکبوونی چاو و ڕێگری لە سەرهەڵدانی کوێری لە شەو دەکات.

کۆئەندامی هەرسێکی تەندروست لەگەڵ مانگۆ:

یەکێک لە تایبەتمەندییە کەمتر ناسراوەکانی مانگۆ بوونی ئەنزیمی سروشتییە کە یارمەتی هەرسکردنی کاربۆهیدرات و پرۆتین دەدات و ئەم ئەنزیمانە پرۆسەی هەرس ئاسانکاری دەکەن و ڕێگری لە کێشەی هەرس دەکەن. هەروەها ئەو ڕیشاڵەی لە مانگۆ هەیە یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی جوڵەی ڕیخۆڵە و ڕێگری لە قەبزی دەکات.

تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەی مانگۆ :

مانگۆ دەوڵەمەندە بە پێکهاتەی دژە ئۆکسێنەری وەک مانگیفێرین کە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەی هەیە و ئەم پێکهاتە دەتوانیت ڕێگری لە گەشە و بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بکات. هەرچەندە هێشتا توێژینەوەی زیاتر لەسەر مرۆڤ پێویستە، بەڵام ئەنجامەکانی ئێستا دڵخۆشکەرن سەبارەت بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی مانگۆ لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.

مانگۆ، میوەیەک بۆ جوانی پێست و قژ:

بوونی ڤیتامین C لە مانگۆ یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین. پرۆتینێک کە بەرپرسە لە بەهێزی و ڕوونی پێست. هەروەها ڤیتامین A کاریگەرە بۆ پاراستنی شێی پێست و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوە. لەبەر ئەوە، خواردنی مانگۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ جوانکردنەوەی پێست و کەمکردنەوەی چرچی و لۆچییەکان./.