بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێدەچێت دوژمنایەتی دێرینی ئیسرائیل و سوریا لە سەر ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بێت نەک بچنە ناو ململانێیەکی نوێوە. ئەو دوو حکومەتەی کە ماوەی هەشت دەیە ناکۆکییان هەبووە، ڕەنگە ڕێکەوتنێکی ئەمنی بە نێوەندگیڕی ئەمریکا واژۆ بکەن. لە کاتێکدا سەرنجی جیهانی لە سەر شەڕی غەززە و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران چڕ بووەتەوە، پێشهاتەکانی سوریا دەتوانن لە بنەڕەتدا بیناسازی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە بکەنەوە.

ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل لە مێژە بارودۆخی نوێی سووریایان وەک دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی نەزمێکی نوێی ناوچەیی دەبینن. مانگی ئایاری ڕابردوو، ترەمپ لە ڕیاز داوای لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کرد کە پێشتر بە محەممەد جۆلانی، فەرماندەی دەستەی تەحریری شام ناسرابوو، پەیوەندی بە ڕێکەوتنی ئابراهامەوە بکات و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.

لە مانگی ئابدا بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەو پرسەی لە گەڵ تۆماس باراک و مۆرگان ئۆرتاگۆس نێردەی تایبەتی ئەمریکا خستەڕوو. هەروەها دەوترێت ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ڕژێمی زایۆنیستی و متمانەپێکراوی نزیکی نتانیاهۆ، لە پاریس لە گەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبووەتەوە. هەروەها شەرع پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکانی ئاشتی پێشکەوتوون و وتی، من درێغی ناکەم لە وەرگرتنی هەر بڕیارێک کە لە بەرژەوەندی سوریا بێت.

لە کاتێکدا گۆڕینی ئەحمەد شەرع لە تیرۆریستێکی پێشووەوە بۆ سیاسەتمەدارێکی ورد و درشت، هەندێکی تووشی سەرسوڕمان کردووە، بەڵام دەتوانێت یاسای نوێ بۆ بەشداریکردنی ناوچەیی دابنێت کە خزمەت بە ئامانجەکانی ئەمریکا بکات. سەرەڕای بەردەوامی دابەشبوونی تائیفی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نیشانەکانی پەرەسەندنی هێزێکی پراگماتیک لە نێوان سەرکردەکانی ناوچەکەدا دەبینرێن کە ڕەچاوکردنی ئایدیۆلۆژی لە پلەی دووەمدا دادەنێن.

درۆزییەکان

دوای لابردنی بەشار ئەسەد دەسەڵاتداری پێشوو و هاوپەیمانی ئێران، شەرع هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک سەرکردەی بێ مشتومڕی سوریا بچەسپێنێت. لە ناوخۆشدا لە گرووپە یاخیبووەکانی ماوەتەوە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی پێکدەهێنێت و لە دەرەوەی وڵاتیش بە گەشتکردن بۆ پایتەختەکانی ئەورووپا و عەرەبی بە دوای شەرعییەتی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت. تەنانەت تەوقەی لە گەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ئەو وڵاتەی کە پێشتر بە تیرۆریست ناوی بردووە و زیندانی کردووە.

شەرع چەندین جار جەختی لە سەر ئەولەویەتەکانی خۆی کردووەتەوە کە بریتین لە یەکێتی نەتەوەیی و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری و دەڵێت " دۆخی ماندووی شەڕی سوریا ڕێگە بە ململانێی نوێ نادات ". بەڵام بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی هێزەکانی لە گەڵ کەمینە لاوازەکان، بە تایبەتی کۆمەڵگەی درۆز. سەرەڕای بەڵێنی پشتیوانی لە درۆزەکان و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرکردە لوبنانییەکانیان، هێرشی دووبارە بۆ سەریان بووەتە هۆی گرژی لە گەڵ ئیسرائیل کە دانیشتووانی درۆزێکی بەرچاوی تێدایە.

لە مانگی نیساندا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی ساختە کە تێیدا سەرکردەیەکی درۆزەکان گوایە سووکایەتیی بە ئیسلام کردووە، بووە هۆی هێرشی حکومەت بۆ سەر ناوچەی دروزەکان لە جەرامانا لە نزیک دیمەشق و لانیکەم 21 کەس کوژران. لە مانگی تەمموزدا لە ناوچەی سوەیدا کە زۆرینەی لە درۆزەکان پێکهاتووە، زیاتر لە هەزار و 100 کەس لە تێکهەڵچوونێکی بەرفراوانی نێوان درۆزەکان، بەدەوییەکان و هێزەکانی حکومەت کوژران.

گرتە ڤیدیۆییە شۆککەرەکان کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە هێزەکانی شەرع شێخێکی درۆزیان زەلیل کردووە و بە زۆر ڕیش تاشین یان تەقەکردن لە خەڵکی سڤیلی درۆز و داوای ناسینەوەی ئایینەکەیان دەکەن. ڕۆژنامەنووسانی لێکۆڵینەوە شوێنی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە زۆرجار لە لایەن تاوانبارانەوە تۆماردەکرێن. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانییەکی زۆری لە لەسێدارەدان و ڕفاندن و تاڵانکردن و توندوتیژی سێکسی دژی ژنان دەربڕیوە.

ئیسرائیل بە بەڵێنی ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر، هاوکاری مرۆیی نارد و فەرمانی بە سوپاکەی کرد هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکان و بنکە فەرماندەیی و تەنانەت کۆشکی سەرۆکایەتی لە سوریا. نتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پابەندە بە ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە درۆزەکان لە سوریا. لە بەرامبەردا شەرع ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی هێڵەکانی شەڕکردن لە سوریا پێشێل دەکات و گرژیی ناپێویستی لێدەکەوێتەوە.

یەکەم دۆمینۆ یان پریشکەکە؟

هەرچەندە درۆزەکان تاکە کەمینە نین کە کاریگەرییان لە سەرە لە سوریا، بەڵام ڕۆڵی ئەوان بووەتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل ئامادەبێت لە دانوستانەکانی ناوچەکەدا. بە پێی زانیارییەکان ئیسرائیل هەوڵدەدات ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ ناوچەی درۆز دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی وەک پارێزەری کەمینەکان بچەسپێنێت. ئەمەش دەتوانێت دەرفەت بە ئیسرائیل بدات کە کاریگەرییەکانی خۆی بۆ ناو عێراق درێژ بکاتەوە و هیلالی شیعەی ئێران بە کایەی کاریگەری خۆی بگۆڕێت. ئیسرائیل هۆشداری بە شەراع داوە کە هەر ڕێکەوتنێک کە درۆزەکان بخاتە مەترسییەوە، هەر لە سەرەتاوە ڕەتدەکرێتەوە.

ئیسرائیل هەروەها داوای ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلانی کردووە وەک خاکی خۆی و پێگەی جۆلانی بە بێ دانوستان  ناوبردووە. ڕەنگە سوریا ڕازی بێت بە بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا کە لە نزیک سنورەکاندایە و دوای کەوتنی ئەسەد کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل. ئێستا ناوچەکە وەک ناوچەیەکی پارێزەر پێناسە کراوە لە سەر بنەمای هێڵەکانی ئاگربەستی ساڵی 1974.

پێش هێرشی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم بۆ سەر باشوری فەڵەستینی داگیرکراو، سعوودیە - نەک سوریا - کاندیدی سەرەکی بوو بۆ پەیوەستبوون بە ڕێکەوتنەکانی ئابراهام. بەڵام هێرشە فرەلایەنەکانی ئێران لە ڕێگەی بریکارەکانی ناوچەییەوە هاوکێشەکەی گۆڕیوە و سعوودیەی ناچارکردووە پاشەکشە بکات و چاوەڕێ بکات.

وەک پارێزەری شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکان، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە لە گەڵ ئیسرائیل، کاریگەرییە ناوچەییەکانی دوور مەودای دەبێت لە دەرەوەی ڕێکەوتنێکی ئاشتی دوولایەنە. ڕیاز لە پشت پەردەوە ڕۆڵی خۆی بەردەوام دەبێت تا قەیرانی غەززە چارەسەر دەبێت. سعوودییەکان بە هێمنی دەیانەوێت ئەنجامێکی ڕوون لە غەززەدا هەبێت کە حەماس کە سەر بە ئیخوان موسلیمینە لەناو ببات.

خواستی بەهێزی هاوئاهەنگی لە گەڵ دۆناڵد ترامپ ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە گوشار بخاتە سەر دراوسێکەی بۆ ئەوەی دەست بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیسرائیل بکات بە مەبەستی خۆشکردنی ڕێگە بۆ خۆی.

نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لە سوریا، چ ئێستا و چ لە داهاتوودا، ڕەنگدانەوەی هێزە بزوێنەرەکانی پشت پەردەیە.

ترەمپ نەک هەر سزاکانی سەر سوریای هەڵگرت بۆ ئەوەی وڵاتەکە دەست بە درەوشانەوە بکات، بەڵکوو ڕێگەی بۆ وەبەرهێنان لە سعوودیە خۆشکرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە مەیلەکەی بەرەو چین بکات.

ڕەنگە ترەمپ سەرکەوتوو بێت لە گۆڕینی کایەی کاریگەری ئێران بە هاوپەیمانییەکی ئەمریکی – ئیسڕائیلی - عەرەبی، ناوچەکە لە گەرمەی ململانێی ئایدیۆلۆژییەوە بۆ سەکۆیەک بۆ هاوپەیمانی بگۆڕێت./.