جام کوردی - سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر دەستدرێژییەکی نوێی دوژمن، ئێران بە دەستی باڵاوە، دەستپێشخەری لە گۆڕەپانی جەنگدا دەکات و وەڵامێکی دیکەی کوشندەی دەبێت.
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئەیلولی 2025، بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی هەفتەی "بەرەڤانیی پیرۆز"، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، کە پڕۆسەی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ناوەستێت."
ئاماژەی بەوەشدا "لە ئەگەری هەر هەڵە یان دەستدرێژییەکی نوێ لەلایەن دوژمنەکانیانەوە، ئێران دەستی باڵای دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا و وەڵامی توند و کوشندەی دەبێت."
سوپای پاسداران جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە ئەزموونی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە دەریخست کە تەنانەت لە سەختترین کاتی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکاندا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بە پشتبەستن بە زانست و توانای ناوخۆیی، ئامانجەکانی دوژمن پوچەڵبکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ هەر هێرش و بەرگرییەک، هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانیان ئامادەن و هەروەها لە رووی تەکنەلۆجیا و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان.