جام کوردی – پاش سێ ساڵ بەدواداچوونی یاسایی دەزگای دادوەریی ئێران دژی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکانی کوردی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستاندان، بڕیار دژی ئەوان دەرچووە و هەروەها پۆلیسی تاوانکاری نێونەتەوەیی (ئینتێرپۆل) بڕیاری بۆ دەستگیرکردنی ئەوان دەرکردووە.
ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە بڕیاری دادگا دژی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکانی کوردی ئێرانی پاش سکاڵای ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانیانی کورد و بەپێی بەڵگەنامەکانی پزیشکی داد و شایەتیدانی شایەتحاڵان، دەرچووە.
د. عەلی فەرهمەند بەڕێوبەری ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم بڕیارە، باسی لە دەستپێکردنی ڕەوتی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی نێودەوڵەتی سەرکردەی ئەم گرووپانە کرد کە بە ساڵانە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا نیشتەجێن. وتیشی ئەم هەنگاوە دەتوانێ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی چەکداری نادەوڵەتی لە ناوچەکە بێت.