جام کوردی - ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وێڕای جەخت لەسەر ئەوەی کە "بۆمبی ئەتۆمیمان نیە و نامانبێت"، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: " لە ئێستادا دانووستاندن لەگەڵ ئەمریکادا هیچ سوودێکی بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان نابێت ."
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە وتارێکدا، وتی: ئەوە ئێمەین کە بۆمبی ئەتۆمیمان نیە و نامانبێت و نامانەوێت چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنین. زانست بە بۆمب و هەڕەشە لەناو ناچێت و بوونی هەیە. ئێمە تەسلیمی هیچ گوشارێک لەمەڕ ئەم بابەتە [ئەتۆمی] نەبووین و نابین.
ڕاشیگەیاند: هیچ گەلێکی بەشەرەف دانووستاندنێک کە لەگەڵ هەڕەشە بێت قبووڵ ناکات و هیچ سیاسەتمەدارێکی ژیر دانی پێدانانێت.
ئایەتوڵڵا خامنەیی، ئاماژەی بە وتەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکی دا و وتی: «لە دۆخی ئێستادا دانووستان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا هیچ قازانجێک بە ئێمە ناگەیەنێت و هیچ زیانێکیش لە ئێمە دوور ناخاتەوە. دانووستان لە دۆخی ئێستادا کۆمەڵێک زەرەری قەرەبوونەکراوی هەیە.»
ڕاشیگەیاند کە بەرپرسانی ئەمریکی داوای «راگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم» و «وەستاندنی بەرنامەی موشەکی» ئێرانیان کردووە.
وتیشی: ملدان بە وەها دانووستانێک نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەترسێت و لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا تەسلیم دەبێت.
ئەو وتی ئەگەر ئێران ئەم هەڕەشانە قبووڵ کات، ئەمریکا بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئێرانەوە راناوەستێ و وردە وردە پرسی دیکەش دێنێتە گۆڕێ.