زایەڵە - ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دەستپێکی هەشتایەمین خولی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە جەختی لە پێویستی تاکە ڕێگەچارەی بەدیهێنانی ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەناوی ڕێگەچارەی دوو وڵات کردەوە.
هەشتایەمین خولی چالاکییەکانی کۆڕبەندی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وتارێکی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوەیە دەستی پێکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی (العربی الجدید) ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لەم دانیشتنەدا ڕایگەیاند لە جیهاندا دەبینین هەندێک وڵات بەشێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن کە دەڵێی یاساکان ئەوان ناگرێتەوە لە حاڵێکدا کە پارێزبەندی لە سزاکان، بنەمای بشێوییە.
ناوبراو وتیشی لە غەززەدا تۆقینەوە دەگاتە سێیەمین ساڵی ترسناک و ئەمەش بۆ ئەو بڕیارانەی دەگەڕێتەوە کە سەرەتایترین پرەنسیپە مرۆییەکانیان پێشێل کردووە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی مردن و کاولکاری لە غەززەی بە زیاتر لە هەموو ئەو تێکهەڵچوونانەی زانی کە لە ماوەی ئەو ساڵانەی خزمەتی خۆی وەکوو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووەتەوە ئاراوە.
گۆتێرێس جەختی کردەوە لە پێویستی پیادەکردنی بەتەواوەتی و بەپەلەی ئەو ڕێگەچارانەی کە لە لایەن دیوانی نێودەوڵەتی داد سەبارەت بە غەززە دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد هیچ شتێک پاساو بۆ سزای بەکۆمەڵی گەلی فەلەستین و لەناو بردنی سیستماتیکی ژێرخانەکانی ژیان نیە.
ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا جەختی لە پێویستی گەیشتن بە ئاگر بەست لە غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان کردەوە.