جام کوردی - سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە لە کاتی هێرشی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بۆردومان کرابون.
محەممەد ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سکای نیووز، رایگەیاند" سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشی زیاتر، ئەو دامەزراوانەی کە لەم شەڕەی دوایی کرابونە ئامانج، بونیاتدەنرێنەوە.
وێڕای ئاماژە بەوەی کە سروشتییە لە کاتی هێرشێکی سەربازیدا زیان بە دامەزراوەکان بگات، وتی: ئەوەی گرنگە کە زانست، تەکنەلۆژیا و پیشەسازی ڕەگ و ڕیشەی قوڵیان لە مێژوی ئێراندا هەیە.
ناوبراو زیاتر وتی: پیتاندنی بەرزتر مەرج نییە بە مانای ئەوە بێت کە مەبەست لێی چەکی ئەتۆمی بێت، ئێمە بۆ ئامێرە وردەکانی پێوانەکردنمان پێویستمان بە پیتاندنێکی بەرزترە.