جام کوردی - ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند کە میکانیزمی سناپ بەک بۆ دژایەتی ئێران، دەرخەری بێدەسەڵاتیی ڕۆژئاواییەکانە و هاوکات ترەمپی بە کۆپی هیتلەر وەسفکرد.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "المیادین" وتی: ئەو هەنگاوەی کە سێ وڵاتی ئەورووپی لەم دواییەدا لە ئەنجومەنی ئاسایش بەمەبەستی چالاک کردنی میکانیزمی سناپ بەک گرتیانەبەر و هەروەها سەپاندنی سزای تاک لایەنە دژی ئێران جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی دوژمنکارانەی مێژوویی ڕۆژئاوا و ئەمریکای لەگەڵ گەلی بەشەرەفی ئێرانی دەرخست.

ویلایەتی ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوی دوژمنکارانەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە داگیرکەرانەیەکان و سەپاندنی هەژموونی ڕۆژئاوا، نەک تەنیا پێشێل کردنی ئاشکرای بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە، بەڵکوو هەوڵێکی شکست خواردووە بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر بەرەی موقامەوە و ڕێگری کردن لە پێشکەوتنی زانستی و بەرگری ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام جەخت لە دیپلۆماسی ئاشتییانە دەکاتەوە بەڵام لە بەرامبەر هەر چەشنە پیلانگێڕییەکی لەم شێوەیە بەهێز و مەزنی نیشتمانی وەڵامی دەبێت.

ناوبراو وتیشی: کارا کردنی میکانیزمی سناپ بەک لەلایەن ئەورووپا دەرخەری گوێڕایەڵی واشنتۆن بووە و ڕەنگدانەوەی بێدەسەڵاتیی ڕۆژئاواییەکانە لە بەرامبەر پێشکەوتنی ئێران لەبوارەکانی ناوەکی، مووشەکی و ناوچەیی، کەواتە ئەم هەنگاوانە تەنیا دەبێتە ھۆی دوورەپەرێزی زۆرتری ئەورووپا لە ئاستی نێودەوڵەتی لە حاڵێکدا کە ئێرانی ئیسلامی بەپشت بەستن بە ئیمان، زانست و یەکگرتوویی گەلی مەزنی خۆی، درێژە بە پێشکەوتنەکانی دەدات.

ویلایەتی ڕایگەیاند: بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیهاندا هیچ کاریگەرییەکیان نەماوە.  میکانیزمی سناپ بەک هەر لە سەرەتاوە بێ بنەما بووە و لەم دۆخەدا بە کردار هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێران نابێت و بەتەنیا ئامرازێکی پڕوپاگەندە و دوژمنکارانەیە لە دژی ئێران.

ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ و سیاسەتەکانی سەبارەت بە ناوچەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن وتی: هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ من دەخاتە بیری کارەکانی هیتلەر، ڕێبەری نازییەکان لە سەرەتاکانی شەڕی جیھانی دووەم، لە سێپتەمبەری ١٩٣٩(١٣١٨) هیتلەر جیهانی رۆژئاوای ترساند و وڵاتانێکی وەکوو ئینگلیز، فەرەنسا و ئیتالیا تەسلیمی ئەو بوون. ئەمڕۆ هەر ئەو مێژووە دووبارە بووەتەوە و ترەمپ بەبێ پەند وەرگرتن لە ڕابردوو هەمان ڕێگای گرتووەتەبەر و ئەم ڕێگایەش ئەنجامێکی باشی بۆ ئەو و لایەنگرانی نابێت.