جام کوردی - بە ئامادەبوونی وەزیرانی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئێران و یەکیەتی ئوراسیا نەخشەڕێگای هاوکارییەکانی ئێران و یەکیەتی ئوراسیا لە مۆسکۆ واژۆ کرا.
ئێران و یەکیەتی ئابووری ئوراسیا لە کۆتایی یەکەمین دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە مۆسکۆ، نەخشە ڕێگای هاوکارییەکانیان لە سێ ساڵی داھاتوودا واژۆ کرد.
لە بنکەی کۆمیسیۆنی ئابووری ئوراسیا کە لە مۆسکۆ دایە، ئەم بەڵگەنامەیە رۆژی چوار شەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ لەلایەن سەید محەمەد ئەتابەک وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی و ئاندرێ ئسلپنۆف وەزیری بازرگانی یەکیەتی ئوراسیا واژۆ کرا.
دواتر وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی سەبارەت بە وردەکاری ئەم نەخشەڕێگایە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: لە دانووستاندنەکانی ئەمڕۆ، چوارچێوەی گشتی هاوکارییەکانی داهاتووی بازرگانی و ئابووریی ئێران و پێنج وڵاتی ئەندام لە یەکیەتی ئابووریی ئوراسیا لە چوارچێوەی ئەم نەخشەڕێگایە دیاری کرا.
ئەتابەگ کە بە هاوەڵی وەزیری بازرگانی یەکیەتی ئوراسیا و هەروەها باڵوێزی ئێران لە مۆسکۆ لەم کۆنفرانسەدا بەشداری کردبوو، وتیشی: ئەمڕۆ لە یەکەمین دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد، کێشەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هاوکاریەکانی ڕابردوو و هەروەها ڕوانگەی پەیوەندییەکانی داهاتوو باسی لەسەر کرا و ئەو ١٦ لیژنەیە کە بۆ ئەم مەبەستە دانراون، ڕاپۆرتەکانی خۆیانیان خستەڕوو.
ناوبراو سەبارەت بە نەخشەڕێگای هاوکارییەکانی ئێران و یەکیەتی ئوراسیا لە ساڵانی ٢٠٢٥ تاکوو ٢٠٢٨ی زاینی وتی: لەم بەڵگەنامەیەدا باس لە وردەکاری باشتر بەمەبەستی گەشەپێدانی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان لایەنەکان کراوە.
وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ڕایگەیاند: پێشبینی ئەوە دەکرێت کە بە واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە و هەروەها چەندین ڕێکەوتننامەی دیکە بۆ نموونە لەبواری بازرگانی حەڵاڵ، هاوکاری لە ئاستە ژێرخانەییەکان، لۆجستی، گواستنەوەی ڕێگاوبان، دەریایی، گۆمرکی و بازرگانی ئەلیکترۆنی گەشە بکات.
ئاندرێ ئسلپنۆف-یش وەزیری بازرگانی یەکیەتی ئابووریی ئوراسیا لەم کۆنفرانسەدا بە ئاماژە کردن بە کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە نێوان ئەم یەکیەتییە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٥ی گوڵان ی ١٤٠٤ وتی: لەو کاتەوە تاکوو ئێستا، بڕی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەردوو لا بەڕێژەی لەسەدا ١٦ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە و هیوادارین کە تاکوو کۆتایی ئەم ساڵ بڕی ئەم ئاڵوگۆرییانە بەردەوام لە هەڵکشاندا بێت.
پێکهێنانی یەکیەتییە بازرگانییەکان دەرخەری کۆتایی تاک لایەن خوازیە لە جیهاندا.
وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی لە وەڵامی پەیامنێرێکی دیکە لەم کۆنفرانسەدا وتی: ئیدی تاک لایەن خوازی لە جیهاندا بێسوودە و لەمێژە کە چەندین یەکیەتی جۆراوجۆر بە ئەندامییەتی چەندین وڵاتی خاوەن ئابووری بەهێز لە سەرتاسەری جیهاندا پێکهاتوون.
ناوبراو وتیشی: ئەمڕۆ بە هەبوونی چەندین ڕێکخراوی دیکەی وەکوو بریکس، شانگهای و ئوراسیا، ئیدی تاک لایەن خوازی ڕێگایەکی سەختی لەبەردەم دایە و هەوڵە دووژمنکارییەکانی هەندێک وڵات لە دژی وڵاتە سەربەخۆکان، بەهۆی درووست کردنی پەیوەندییەکان لە ئاستەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەریان نابێت.
پشکی لاسەدا ٣٠ی ئەرمینیا لە ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانی ئێران و یەکیەتی ئەورووپا
ئەتابەک لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕوانگەی ئاڵوگۆرییە بازرگانییەکانی ئێران و ئەرمینیا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتی ئوراسیا وت: ئیرەوان پشکی ٣٠٪ لە بازرگانی نێوان تاران و یەکیەتی ئوراسیای بەرکەوتووە.
ناوبراو وتیشی: بە سەرنجدان بە کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە ٢٥ی گوڵان لە ساڵی ١٤٠٤ نێوان ئێران و یەکیەتی ئوراسیا، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەردوولا لەسەدا ١٦ زیادی کردووە کە بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانی وڵاتی ئێمە لەگەڵ ئەرمینیا.
وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی بە ئاماژە کردن بە سەردانی ئەم دواییەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆمار بۆ ئەرمینیا وتی: پەیوەندی نێوان هەردوولا چ لە بواری سەرمایە گوزاری و هەروەها ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانی ڕوو لە گەشەدایە و گەشبینم بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی داهاتوو و بە هەموو توانایەک درێژە بە هاوکارییەکان دەدەین.
یەکەمین دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئابووریی ئوراسیا بە سەرۆکایەتی سەید محەمەد ئەتابەک وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئێران و ئاندرێ ئسلپنۆف وەزیری بازرگانی ئەم یەکیەتییە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو.
ئەم ڕێکەوتننامەیە پاش ئەوەی کە لە لایەن پەرلەمانی وڵاتانی ئەندام پەسند کرا لە ٢٥ی گوڵانی ئەم ساڵ کارا کراوە کە بووەتە ھۆی لابردنی باج لەسەر ٨٧٪ ی ئەو شتومەکە بازرگانیانەی کە لەنێوان ئەنداماندا ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
یەکیەتی ئابووریی ئوراسیا، یەکیەتییەکی نێودەوڵەتیە کە بریتیە لە بیلاڕووس، قەزاقستان، ڕووسیا، قڕقیزستان و ئەرمینیا. ئەندامە چاودێرە چالاکەکانی ئەم یەکیەتییە، کۆماری ئیسلامی ئێران، ئۆزبەکستان و کوبان. ئێران لە ساڵی ١٤٠٣-وە وەک ئەندامێکی چاودێر بەشدارییان کردووە.
ئەتابەک وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ڕۆژی سێشە ممە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی یەکەمین لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی بازرگانی ئوراسیا سەردانی مۆسکۆی کرد.
ناوبراو لە یەکەمین ڕۆژی سەردانەکەی خۆی بۆ مۆسکۆ بەجیا چاوی کەوت بە ئەلەکسی ئورچورک جێگری سەرۆک وەزیران و هەروەها ماکسیم ڕشتنیکۆف وەزیری گەشەپێدانی ئابوری ڕووسیا و گفتوگۆی لەگەڵ کردن.