جام کوردی - سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ چالاک کردنی سناپ باک و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، وتی: وەک چۆن هێرشی سەربازیی شکستی هێنا، سناپ باک شکست دێنێ.

عێراقچی ڕایگەیاند: تاران بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان و ڕێککەوتنەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: هەرگیز نەمانویستووە ببینە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، لە بارەی ڕەشنووسی بڕیارنامەی پێشنیار كراوی وڵاتانی چین و ڕووسیا بۆ دواخستنی چالاککردنی میکانیزمی "سناپ باک" بۆ ماوەی شەش مانگ و پێشگرتن لە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، کۆبووەوە و بڕیارنامەکە دەنگی نەهێنا و بەمەش ڕۆژی شەممە ٢٧ی سپتامبر سزاكان بۆ سەر  ئێران دەگەڕێندرێنەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی:  دەبێت وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا (وڵاتانی ترۆیکا) بەرژەوەندییەکانی ئێران لەبەرچاو بگرن.

ڕاشیگەیاند: ئێران هەرگیز دژی پابەندییەکان نییە و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا پابەندیی ڕێککەوتنەکان بن نەک داوا لە ئێران بکەن پابەندیی ڕێککەوتنەکان بێت.

عێراقچی لە بارەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە، وتی: ئێران هەمیشە چەکی ئەتۆمی ڕەت کردووەتەوە، هەروەها دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە لە ڕێباز و هزری ئێمەدا نییە و هەرگیز نەمانویستووە ببینە خاوەنی.