جام کوردی ـ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاشکرای کرد: ئەمڕۆ بۆ هەمووان ڕوون بوویەوە کە ڕژێمی زایۆنی ڕەحم بە هیچ وڵاتێک ناکات و ڕووداوەکەی قەتەر ئەمەی بەباشی دەرخست.
عەلی لاریجانی لە میانەی سەردانی بۆ لوبنان بەمەبەستی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی شەهید بوونی سەیید حەسەن نەسروڵڵا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵنێران سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی، ڕایگەیاند: یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی سەردانەکەی من بەشداری کردنە لە ڕێوڕەسمی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی لبنان کە بەرگرییان لە خاکی ئەو وڵاتە کردووە و لەسەروو هەموویان سەیید حەسەن نەسروڵڵا و سەیید هاشم سەفیەدین.
ناوبراو وتیشی: لە نێوان دوو سەردانەکەی من چەندین گۆڕانکاری لە ناوچەکە ڕوویاندا، هەڵسوکەوتەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ گەلانی جیھان ڕوون بووەوە، وتەکانی سەیید حەسەن نەسروڵڵا لە دەیەکانی ڕابردوو سەبارەت بە ڕژێمی زایۆنی کە لەلایەن هەندێک لە گەلان بڕوای پێ نەدەکرا ئەمڕۆ باشتر باوەڕی پێدەکەن.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتی: ئەمڕۆ بۆ هەمووان ڕوون بووەوە کە ڕژێمی زایۆنی ڕەحم بە هیچ وڵاتێک ناکات. ڕووداوەکەی قەتەر بەباشی ئەمەی دەرخست. ئەمڕۆ وڵاتانی جۆراوجۆر بەدووی میکانیزمێکن بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری لەگەڵ یەکتری بکەن.
هەر لەم پەیوەندییەدا لاریجانی ڕایگەیاند: هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنی ڕێگایەکی درووستە و پشتیوانی لێدەکەین.