جام کوردی - بزووتنەوەی حەماس بە ئاماژە کردن بە وەستاندنی دانووستاندنەکانی ئاگربەست لە غەززە، لە کاردانەوەی هەندێک لە ڕاپۆرتی میدیاکان، ڕایگەیاند کە هیچ پێشنیارێکی نوێی لەلایەن ناوبژیوان پێنەگەیشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی القدس العربی، ئەو بزووتنەوەیە هەروەها ڕوونیکردەوە کە دانووستاندنەکان لە کاتی هەوڵی بێ ئاکامی ڕژێمی زایۆنی بۆ تیرۆر کردنی ڕێبەرانی لە نۆیەمی ئەم مانگەی زایینی لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، ڕاگیراوە.

حەماس جەختی لە ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنی ئەرێنی و بەرپرسانەی هەر چەشنە پێشنیارێک کە لەلایەن ناوبژیوانان بخرێتەڕوو، بەشێوەیەک کە مافە نەتەوەییەکانی گەلی فەلەستین پێشێل نەکات، کردەوە.

هەروەها بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی حەماس رۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هیچ پێشنیارێکی لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەمەبەستی ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە پێنەگەیشتووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێرشەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە لەم چەند ڕۆژ و حەوتووی دواییەدا زیادی کردووە.

کاردانەوەی حەماس لە حاڵێکدایە کە ڕۆژنامەی ئیسرائیلی هائارتس بە گێڕانەوە لە هەندێک لە سەرچاوەکان ڕایگەیاندبوو کە ئەو بزووتنەوەیە ڕازی بووە بە پلانێك بە ئامانجی ئازادی سەرجەم دیلە ئیسرائیلیەکان لە بەرامبەر ئازادی سەدان دیلی فەلەستینی و هەروەها دەرچوونی قۆناغ بە قۆناغی هێزە داگیرکەرەکان لە کەرتی غەززە بەپێی پلانەکەی ترامپ.

بەپێی وتەکانی ئەو میدیایە، ئەم پێشنیارە بریتییە لە کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی حەماس لە غەززە و هەروەها پابەند بوونی ئیسرائیل بە نەلکاندنی یان وەدەرنانی دانیشتووانی فەلەستین 

بەڵام بەرپرسێکی حەماس کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز جەختی لەوە کردەوە: هیچ پێشنیارێکی لەم شێوەیە پێنەگەیشتووە و هیچ وتووێژێکیش لەم چوارچێوەیەدا نەکراوە.»