جام کوردی - وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چوونەدەرەوە لە NPT پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی هەیە، وتی: تاکوو ئێستا بڕیارێک لە دانیشتنی کرا وەی پەرلەمان سەبارەت بە دەرچوون لە NPT نەدراوە.

ئیبراهیم ڕەزایی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئێرانی ئیسنا سەبارەت بەوەی کە ئایا لە دانیشتنی داخراوەی پەرلەمان پرسی دەرچوون لە NPT باسی لەسەر کرا، وتی: ئەم بابەتە داواکاری زۆربەی پەرلەمانتارانە. نزیکەی ١٥ پرۆژەیاسامان لە پەرلەمان سەبارەت بە دەرچوون لە NPT بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سنەپ بەک هەیە بەڵام تاکوو ئێستا لە پەرلەمان هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە. هەڵبەت بڕیار دان لەسەر ئەم بابەتە پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی هەیە.

ناوبراو لەهەمان کاتدا وتی: هەڵبەت پێموایە کە دەبێت لە NPT بێینە دەرەوە و هۆکارێک بۆ مانەوەی ئێمە لەم پەیماننامەیەدا نیە.

ڕەزایی ڕوونیکردەوە: بەپێی پەیماننامەی NPT و پێڕەوی ئاژانس، ئاژانس دەبێت بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای ناوەکی یارمەتی ئێمە بدات کە ئەم کارەی نەکرد. هەروەها ئێمە بەڕێژەیەکی زۆر چاودێری و پشکنینمان قبووڵ کرد تاکوو بسەلمێنین کە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێمە ئاشتیخوازانەیە. ئەم پشکنینانە ئەنجام درا بەڵام ئاژانس پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو و ئەنجامەکەی بووە هۆی هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان کە ئاژانس بیانووەکەی فەراهەم کرد که دواجار هیچ خێرێکمان لە ئامادەبوون لە NPT و هاوکاری لەگەڵ ئاژانس نەبینی و هەست بە پێویستی درێژەدان بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانس ناکەین.

ناوبراو سەبارەت بەوەی کە سەرۆک کۆمار وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندووە ئێران لە NPT نایەتە دەرەوە، وتی: پەرلەمان سەربەخۆیە؛ شتێکی سرووشتیە کە دەرچوون لە NPT پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی هەیە. نوێنەرانی گەلی ئێرانیش لە پەرلەمان نەک حکوومەت کۆبوونەتەوە، سەرۆک کۆماریش ناتوانێت بیروڕای خۆی بسەپێنێت بەسەر پەرلەماندا.

ڕەزایی دووپاتی کردەوە: هەڵبەت ئێمە لەوبڕوایەداین کە دەبێت کۆدەنگییەکی گشتگیر بەتایبەت لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی دەسەڵات پێکبێت.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرن وتی: ١٥ پرۆژەیاسا ئاراستەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان بەمەبەستی هاتنە دەرەوە لە NPT، کراوە و کۆمیسیۆن گەیشتووە بە کۆبەندیەک لەسەر پرۆژەیاسایەک بەڵام هێشتا نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

ناوبراو وتیشی: بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سنەپ بەک، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ناچار دەکرێت داواکاری هاتنە دەرەوە لە NPT بخاتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی بڕیاردان.»