جام کوردی - ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی هەواڵگری هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا بەمەبەستی ڕێگری لە هەر چەشنە بەزاندنی سنووری ئاسمانی خۆی لەلایەن ڕژێمی زایۆنی هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕۆژی سێشەممە لە بەغدا میوانداری مەجید میر ئەحمەدی سەرۆکی هەواڵگری هێزە چەکدارەکانی ئێران و شاندی هاوەڵی بوو.
لە ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژە بەوە کراوە کە لەم دانیشتنەدا، هەردوولا پرس و هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەروەها بابەتە هاوبەشەکانیان ورووژاندووە.
هەروەها جەختیان کردووەتەوە لە پێویستی بەتەواوەتی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش.
ئەعرەجی دووپاتی كردەوە: هەڵوێستی كۆماری عێراق ڕوونە لە ڕەتكردنەوەی بەكارهێنانی خاكی عێراق وەك شوێنی هەڵدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، لەوانەش كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئاماژەی بەوەشدا كە عێراق سكاڵایەكی فەرمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەدژی قەوارەی زایۆنی تۆمار كردووە بەهۆی كەڵك وەرگرتن لە ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
دووپاتیشی كردەوە كە حكومەتی عێراق بە نوێنەرایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە.