جام کوردی - لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگۆڕدرێت بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی.

سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەڵێت: دوای زیاتر لە چوار ساڵ هەوڵەكانمان بە ئامانج گەیشت و  سەرۆك مام جەلالیش وەك سەرۆكی وڵاتانی دیكە شایستەی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەك رێز لە خەبات و تێكۆشانی بگیرێت، ناونانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش بەناویەوە خزمەتێكی بچووكە بە مێژووی سەرۆك مام جەلال. 

باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: لەسەر داوای دامەزراوەكەمان، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە بە گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، كە زیاتر لە چوار ساڵە هەوڵەكانمان لەوپێناوەدا بەردەوامبووە.

راشیگەیاند: بڕیارەكە ئاڕاستەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و فڕۆكەخانەكانی عیراق كراوە و تەنها چەند رێكارێكی یاسایی ماوە، بەڵام بڕیاری گۆڕینی ناوەكەی دراوە.

سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو: لەدوای تەواوبوونی رێكارەكان لە مەڕاسیمێكی شایستەدا، ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگۆڕێت بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هەنگاوەمان خزمەتێكی بچووكە بە خەبات و تێكۆشان و هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال بۆ گەلی كورد و گەلانی عیراق و هێشتنەوەی ناوی بەڕێزیانە بەزیندوویی، وەك سەرجەم سەركردەی وڵاتانی دیكە كە ناوی فڕۆكەخانەی وڵاتەكەیان كردووە بەناوی سەرۆكەكانیانەوە.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی29ی 11ی ساڵی 2003 بەردی بناغەی دانرا و روبەرەكەی 13.5 كیلۆ مەترە، لە رۆژی 20ی 7ی 2005، لەڕێوڕەسمێكدا لە لایەن سەرۆك مام جەلال سەرۆکۆماری عیراقەوە كرایەوە،پاش چه‌ند مانگێك له‌ كرانه‌وه‌ی‌ ڕۆژی 2ی11ی2005 ناسنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێدراو له‌ئێستاشدا له‌ژێر ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عیراقیدایه‌، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ش به‌ سه‌رجه‌م سیستم و پلانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ نێوده‌وڵه‌تیيه‌كان كارده‌كات كه‌ له‌ چه‌ندین به‌ش پێكهاتووه‌.

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، دامەزراوەیەكی نا حكومی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێ لایەنە، هەروەها كولتووری، مرۆڤایەتی و نیشتمانییە و كاردەكات بۆ ناساندن، پاراستن، ئەرشیف كردنی ژیان و خەباتی سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی.