جام کوردی - سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی نەوت، "سرووشتێکی تەکنیکی و یاساییان هەبوو و دووربوو لە کێشەی سیاسی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "زەوینەیەکی گرنگ بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەڕخسێنێت و قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت."
محەممەد شیاع سوودانی لە گوتەیەکدا بۆ چاتم هاوسی بەریتانی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەردەمی ناکۆکیشدا روون بوون و کێشەکان پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی هەبووە و ڕاشیگەیاند: "هیچ بڕیارێکی سیاسی نەبووە بۆ راگرتنی ناردنی پارە یان دروستکردنی کێشە لەگەڵ هەرێم[ی کوردستان]. بۆیە گرنگە کرۆکی کێشەکە وەک کێشەیەکی تەکنیکی-یاسایی وێنا بکەین، نەوەک کێشەیەکی سیاسی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ناکرێ پارێزگایەک پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، بەڵام هەرێمی کوردستان چاوپۆشی لێبکرێ کاتێک هەمان پابەندبوونی نەبێ و رایگەیاند: "ئەمە کەموکوڕییەکی دەستوورییە و لە پرەنسیپی یەکسانی و دادپەروەریدا نییە لەنێوان خەڵکی عێراق."
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکی هاوپەیمانییە و هەموو پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە و دۆسییەکان بە شێوەیەکی کراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و گوتی: "برایانی وەزیرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیرانن و بێگومان پێداگیرن لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و یاسا."