جام کوردی - حەوتووی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانی هیند ڕایگەیاند بارێکی نەوتی خاو بە بەهای ١١ میلیۆن دۆلار لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.

  ئەو بڕە هاوردە کردنی نەوتە لەلایەن هیندەوە لە ئێران ئەو سیگناڵە دەداتە بازاڕ کە وابڕیارە نەوتی ئێران ببێتە جێگرەوەی نەوتی ڕووسیا.

هەر لەم پەیوەندییەدا حەوتووی ڕابردوو بلۆمبێرگ ڕایگەیاند بەرپرسانی هیند جارێکی دیکە بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکایان وتووە کە کەمکردنەوەی بەرچاوی هاوردە کردنی نەوت لە ڕووسیا لەلایەن پاڵاوگەکانی ئەم وڵاتەی ئاسیای باشوور، واشنتۆن ناچار دەکات تاکوو ڕێگە بە کڕینی نەوتی خاو لە ئێران و ڤەنزوێلا بە دەهلی نوێ بدات.

بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوە ئاگادارەکان، نوێنەرانی هیند جەختیان کردووەتەوە کە ڕاگرتنی هاوکاتی خستەڕووی نەوت بە پاڵاوگەکانی هیند لەلایەن ڕووسیا، ئێران و ڤەنزوێلا کە هەموویان بەرهەم هێنەرانی گەورەی نەوتن، لەوانەیە ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکان.