جام کوردی - نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە دیدارێکدا کە ڕێکەوتی 2025/10/1 بەڕێوەچوو، لەگەڵ بورهان علی و جەوهەر ستار، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازییان لە یان شناوداوف، سەفیری کۆماری چیک لە عێراق کرد.
ئامانجی سەرەکی ئەم دیدارە، لەنزیکەوە یەکترناسین و گفتوگۆکردن بوو دەربارەی باشترکردن و فراوانکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان و پیشەسازی و کشتوکاڵیەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
نەوزاد غەفور لە دیدارەکەدا ڕای گەیاند کە پارێزگای سلێمانی لە ڕووی وەبەرهێنەوە دەرفەتی زۆری هەیە بۆ کۆمپانیاکانی چیک، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بوارەکانی تر. ڕونیکردەوە کە یاساکانی وەبەرهێنان لەهەرێم لەبارن و پاڵپشتی کۆمپانیا بیانیەکان دەکەن.
لە بەرامبەردا، یان شناوداوف، سەفیری چیک، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم دیدارە و هیوای خواست لە ڕێگەی هاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە، بتوانرێت کۆمپانیا چیکییەکان بھێندرێنە ناو کەرتی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی.