جام کوردی - داود حەسەنپور ڕاوێژکاری کولتووری کۆمار ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی وێڕای ئاماژە بە بەشداریی چالاکانە و دیاری ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێران لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب ڕایگەیاند ٦٠ ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێران بە ٨٠٠ ناونیشان کتێب لەم پیشانگایەدا بەشدارن.
هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کرایەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکوو شەشی ئێوارە کراوە دەبێت.
٢٢٠ ناوەندی چاپ و بڵاوکردەوەی نێودەوڵەتیی و 70ـی ناوخۆی بەشدارن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ڕۆژانە چەندین چالاکی و پانێڵ دەربارەی گرنگی خوێندنەوە بەڕێوەدەچن، هەروەها داشکاندن بۆ بەشی زۆری کتێبەکان کراوە.
داود حەسەنپور ڕاوێژکاری کولتووری کۆمار ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی لە لێداونێکدا بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی جام کوردی، وێڕای ئاماژە بە بەشداریی ١٨ وڵات لە پێشانگای کتێبی سلێمانی، ڕایگەیاند، ئێران یەک لە وڵاتە بەشداربووەکانە و ٦٠ ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێرانی بە ٨٠٠ ناونیشان کتێب لە بەشە جۆراوجۆرەکان لەم پیشانگایەدا بەشدارن و ناونیشانەکان بە چەشنێک هەڵبژێرداون کە لەگەڵ فەرهەنگ و حەزی خوێنەر لە کوردستان و بە تایبەت سلێمانی بگونجێت.
حەسەن پوور زیاتر وتی کە ناونیشانەکان زیاتر تایبەتن بە وێژەی کلاسیک، وێژەی سەردەم، ئەدەبی منداڵان و میرمنداڵان، فێرکاریی زمان و ئەدەبی فارسی، ئێرانناسی و ئایینی و هەروەها گەشتیاریی تایبەت بە ئێران.
ڕاشیگەیاند کە یانەی فەرهەنگی ئێران لە سلێمانی وەکوو هاوکار لەم پیشانگایەدا یارمەتی یانەی کتێب و ئەدەبیاتی داوە.