جام کوردی - ئەندامێکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئابووری پەرلەمانی ئێران، جەختی لەوە کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پێشوازیکەری پشکێنەران و چاودێرییەکان لە ڕێگای یاسایی بووە، هەر بەو شێوەیەی کە تاکوو ئەمڕۆ پشکێنەرانی ئاژانس لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران پشکنینی تەواویان هەبووە؛ بەڵام ئەوەی کە ئەمریکا دەڵێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم دابخات، زۆربێژییە.

ئەسغەر سەلیمی وێڕای ئاماژە کردن بە بێسوود بوونی دانووستاندن لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا بەهۆی ڕەفتاری ئێستایی، ڕایگەیاند: دانووستاندن شێواز و چوارچێوەی تایبەتی خۆی ھەیە. هەروەها بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش دانووستاندن رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە. پرەنسیپەکانی دانووستاندن بۆ هەموو جیهان ڕوونە. دوو لایەنی دانووستاندن دەبێت داواکارییەکانی خۆیان بخەنەڕوو؛ هەردوو لایەنی دانووستاندن دەبێت تاڕادەیەک دەستبەرداری داواکارییەکانی خۆیان بن تاکوو دانووستاندن بە ڕێککەوتن کۆتایی بێت. ناکرێت لایەنێکی دانووستاندن سوور بێت لەسەر ئەوەی هەموو داواکارییەکانی خۆی بسەپێنێت و لایەنی دیکە دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی خۆی بێت.

«وتووێژ» دەبێت بە چارەسەر کردنی ناڕوونییەکان کۆتایی بێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە دانووستاندنەکاندا دەبێت هەردوولا بگەنە لێک تێگەیشتن تاکوو لەمپەرەکان لابەن. وتووێژ دەبێت بە چارەسەر کردنی ناڕوونییەکان کۆتایی بێت. کێشەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەمریکا بابەتێکی درێژە کە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە ئەم کێشەیانە بوونیان هەبووە. زۆربەی ئەو کێشەیانەی کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریکاوە باسیان لەسەر دەکرێت، بەدرێژایی ئەم ساڵانە ڕوونکراونەتەوە، بەڵام لایەنی بەرامبەر ڕەتی کردووەتەوە. لەبەرچاوگرتنی ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا کردیانە سەر ئێران و دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، ئەمریکا دەبێت بزانێت کە سیاسەتی هەڕەشە لەمەڕ ئێران بێسوودە.

حکوومەتی ئەمریکا دەبێت داواکارییەکانی بگۆڕێت و ژیرانەی بکات

نوێنەری خولەکانی پەرلەمانی ئێران، ئاشکرای کرد: ئەگەر بڕیار بێت دانووستاندنێک ئەنجام بدرێت، دەبێت بەشێوەیەکی تەواو ڕوون و ڕاشکاوانە بێت. حکوومەتی ئەمریکا دەبێت داواکارییەکانی بگۆڕێت و ژیرانەی بکات و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرچاو بگرێت. گەلی ئێران لەپێناو یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان ڕاوەستاون. حکوومەتی ئەمریکا دەڵێت نابێت ئێران چەکی ناوەکی هەبێت؛ ئەم بابەتە لە تێڕوانینی ڕێبەری شۆڕش و هەروەها لە تێڕوانینی تیۆری ناوەکی ڕاگەیەندراوە کە ئێران هیچ بڕوایەکی بە هەبوونی چەکی ناوەکی نیە.

چالاکی ناوەکی ئاشتیخوازانە مافی هەموو وڵاتانە

ناوبراو وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی بەرژەوەندیەکانی خەڵک و هەروەها بەرژەوەندیەکانی وڵات هەنگاو هەڵدەگرێت. پاراستنی بەرژەوەندیە نیشتمانییەکانی وڵات لە واجبترینی واجبەکانە.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتادا ڕایگەیاند کە بەهۆکاری بەرژەوەندیە ئاشتیخوازانەکان پێویستی بە وزەی ناوەکییە. زانستی ناوەکی لەبواری پزیشكی و پیشەسازییەکان بەکار دەهێنێت. ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش تاکوو ئەمڕۆ ئاشیخوازانە بوونی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە. چالاکی ناوەکەی ئاشتیخوازانە مافی هەموو وڵاتانە.

ڕژێمی زایۆنی بە هەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ بۆمبی ئەتۆمی پابەندی هیچ بەڵێنێک نیە

ناوبراو وتیشی: ڕژێمی زایۆنی خۆی نزیکەی ٢٠٠ بۆمبی ئەتۆمی هەیە کەچی پابەندی هیچ بەڵێنێک نیە. وڵاتانێکی وەکوو هیند و پاکستانیش خاوەن چەکی ناوەکیین بەڵام ئەندامی NPT نین. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پێشوازیکەری چاودێرییەکان لە ڕێگای یاسایی بووە، هەر بەو شێوەیەی کە تاکوو ئەمڕۆ پشکێنەرانی ئاژانس لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران پشکنینی تەواویان هەبووە؛ بەڵام ئەوەی کە ئەمریکا دەڵێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم دابخات، زۆربێژییە.