جام کوردی - بە گوێری هەواڵی میدیای ڕژێمی زایۆنی، دانوستانەکان هاوپێوەند بە غەززە، سبەی لە میسر و بە بەشداریی ویتکۆڤ دەست پێدەکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی حەماسی وەرگرت بۆ پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
شەوی رابردوو، دوای ئەوەی حەماس رازیبوونی بە بەشێک لە خاڵەکانی پلانەکە راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە رابگرێت، ئەمەش رێگەی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە خۆشکرد.
قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ چی لەخۆدەگرێت؟
پلانەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەم ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
• دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست.
• ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا.
• راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
• کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل.
• ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە.