جام کوردی - حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند کە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێم وەرگیراوە تا ئێستا، لە هەمان کاتدا جەختی لە بارکردنی یەکەم کەشتیی نەوت هەڵگر بە نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهان کردەوە.
عەبدولغەنی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پڕۆسەی پاڵپێوەنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهان لە ڕێگەی هێڵی عێراق-تورکیاوە دەستیپێکردەوە، دوای وەستانێکی زیاتر لە دوو ساڵ بۆ ئەم هێڵە." ئاماژەی بەوەشدا کە "بۆ یەکەمجارە حکومەتی فیدراڵی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم وەردەگرێت و پڕۆسەی هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی عێراق دەگرێتە ئەستۆ."
وتیشی: "بڕی ئەو نەوتەی تا ئێستا وەرگیراوە گەیشتووەتە نزیکەی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل"، ئاماژەی بەوەشدا کە "یەکەمین کەشتیی نەوت هەڵگر لە بەندەری جەیهان لنگەری گرتووە بە بڕی 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."
عەبدولغەنی ڕوونیشی کردەوە کە "بارکردنی ئەم کەشتییە تەواو دەکرێت و بەرەو شوێنی مەبەستەکەی دەڕوات کە گرێبەستی لەسەر کراوە"، وتیشی: "ئەمە بە دەستکەوتێکی گەورە دادەندرێت بۆ حکومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ سەرکەوتن لە پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ بودجەی دەوڵەت."
پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دەستیپێکرد. عەلی نیزار شەترەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، جەختی لەوە کردبووەوە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەشکردبوو کە داهاتەکانی دەگەڕێنەوە بۆ بودجەی فیدراڵی.