جام کوردی - بە ئامادەبوونی وەزیرانی پیشەسازی، کانگا و بازرگانی ئێران و یەکێتی ئوراسیا نەخشەڕێگای هاوکارییەکانی نێوان دوو لایەن لە مۆسکۆ واژۆ کرا

ئێران و یەکێتی ئابووری ئوراسیا لە کۆتایی یەکەمین دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە مۆسکۆ، نەخشە ڕێگای هاوکارییەکانیان لە سێ ساڵی داھاتوودا واژۆ کرد.

ئەم بەڵگەنامەیە  لەلایەن سەید محەمەد ئەتابەک وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی و ئاندرێ ئسلپنۆف وەزیری بازرگانی یەکێتی ئوراسیا واژۆ کرا.

دواتر وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی ئێران سەبارەت بە وردەکاری ئەم نەخشەڕێگایە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: لە دانووستاندنەکان، چوارچێوەی گشتی هاوکارییەکانی داهاتووی بازرگانی و ئابووریی ئێران و پێنج وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئابووریی ئوراسیا لە چوارچێوەی ئەم نەخشەڕێگایە دیاری کرا.

سەید محەمەد ئەتابەک کە بە هاوەڵی وەزیری بازرگانی یەکێتی ئوراسیا و هەروەها باڵوێزی ئێران لە مۆسکۆ لەم کۆنفرانسەدا بەشداری کردبوو، وتیشی: ئەمڕۆ لە یەکەمین دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد، کێشەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هاوکاریەکانی ڕابردوو و هەروەها ڕوانگەی پەیوەندییەکانی داهاتوو باسی لەسەر کرا و ئەو ١٦ لیژنەیە کە بۆ ئەم مەبەستە دانراون، ڕاپۆرتەکانی خۆیانیان خستەڕوو.

ناوبراو سەبارەت بە نەخشەڕێگای هاوکارییەکانی ئێران و یەکێتی ئوراسیا لە ساڵانی ٢٠٢٥ تاکوو ٢٠٢٨ی زاینی وتی: لەم بەڵگەنامەیەدا باس لە وردەکاری باشتر بەمەبەستی گەشەپێدانی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان لایەنەکان کراوە.

وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی ئێران، ڕایگەیاند: پێشبینی ئەوە دەکرێت کە بە واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە و هەروەها چەندین ڕێکەوتننامەی دیکە بۆ نموونە لەبواری بازرگانی حەڵاڵ، هاوکاری لە ئاستە ژێرخانەییەکان، لۆجستی، گواستنەوەی ڕێگاوبان، دەریایی، گۆمرکی و بازرگانی ئەلیکترۆنی گەشە بکات.

ئاندرێ ئسلپنۆف-یش وەزیری بازرگانی یەکێتی ئابووریی ئوراسیا لەم کۆنفرانسەدا بە ئاماژە کردن بە کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە نێوان ئەم یەکێتییە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٥ی گوڵان ی ١٤٠٤ وتی: لەو کاتەوە تاکوو ئێستا، بڕی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەردوو لا بەڕێژەی لەسەدا ١٦ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە و هیوادارین کە تاکوو کۆتایی ئەم ساڵ بڕی ئەم ئاڵوگۆرییانە بەردەوام لە هەڵکشاندا بێت.

پێکهێنانی یەکێتییە بازرگانییەکان دەرخەری کۆتایی تاک لایەن خوازیە لە جیهاندا.

وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی لە وەڵامی پەیامنێرێکی دیکە لەم کۆنفرانسەدا وتی: ئیدی تاک لایەن خوازی لە جیهاندا بێسوودە و لەمێژە کە چەندین یەکێتی جۆراوجۆر بە ئەندامییەتی چەندین وڵاتی خاوەن ئابووری بەهێز لە سەرتاسەری جیهاندا پێکهاتوون.

ناوبراو وتیشی: ئەمڕۆ بە هەبوونی چەندین ڕێکخراوی دیکەی وەکوو بریکس، شانگهای و ئوراسیا، ئیدی تاک لایەن خوازی ڕێگایەکی سەختی لەبەردەم دایە و هەوڵە دووژمنکارییەکانی هەندێک وڵات لە دژی وڵاتە سەربەخۆکان، بەهۆی درووست کردنی پەیوەندییەکان لە ئاستەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەریان نابێت.

پشکی لاسەدا ٣٠ی ئەرمینیا لە ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانی ئێران و یەکێتی ئەورووپا

ئەتابەک لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕوانگەی ئاڵوگۆرییە بازرگانییەکانی ئێران و ئەرمینیا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی یەکێتی ئوراسیا وت: ئیرەوان پشکی ٣٠٪ لە بازرگانی نێوان تاران و یەکێتی ئوراسیای بەرکەوتووە.

ناوبراو وتیشی: بە سەرنجدان بە کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە ٢٥ی گوڵان لە ساڵی ١٤٠٤ نێوان ئێران و یەکێتی ئوراسیا، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەردوولا لەسەدا ١٦ زیادی کردووە کە بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانی وڵاتی ئێمە لەگەڵ ئەرمینیا.

وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی بە ئاماژە کردن بە سەردانی ئەم دواییەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆمار بۆ ئەرمینیا وتی: پەیوەندی نێوان هەردوولا چ لە بواری سەرمایە گوزاری و هەروەها ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانی ڕوو لە گەشەدایە و گەشبینم بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی داهاتوو و بە هەموو توانایەک درێژە بە هاوکارییەکان دەدەین.

یەکەمین دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئابووریی ئوراسیا بە سەرۆکایەتی سەید محەمەد ئەتابەک وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی ئێران و ئاندرێ ئسلپنۆف وەزیری بازرگانی ئەم یەکێتییە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێکەوتننامەیە پاش ئەوەی کە لە لایەن پەرلەمانی وڵاتانی ئەندام پەسند کرا لە ٢٥ی گوڵانی ئەم ساڵ کارا کراوە کە بووەتە ھۆی لابردنی باج لەسەر ٨٧٪ ی ئەو شتومەکە بازرگانیانەی کە لەنێوان ئەنداماندا ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

یەکێتی ئابووریی ئوراسیا، یەکێتییەکی نێودەوڵەتیە کە بریتیە لە بیلاڕووس، قەزاقستان، ڕووسیا، قڕقیزستان و ئەرمینیا. ئەندامە چاودێرە چالاکەکانی ئەم یەکێتییە، کۆماری ئیسلامی ئێران، ئۆزبەکستان و کوبان. ئێران لە ساڵی ١٤٠٣-وە وەک ئەندامێکی چاودێر بەشدارییان کردووە.

ئەتابەک وەزیری پیشەسازی، کانگا و بازرگانی ڕۆژی سێشە ممە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی یەکەمین لیژنەی هاوبەشی کاراکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی بازرگانی ئوراسیا سەردانی مۆسکۆی کرد.

ناوبراو لە یەکەمین ڕۆژی سەردانەکەی خۆی بۆ مۆسکۆ، بەجیا چاوی کەوت بە ئەلەکسی ئورچورک جێگری سەرۆک وەزیران و هەروەها ماکسیم ڕشتنیکۆف وەزیری گەشەپێدانی ئابوری ڕووسیا و گفتوگۆی لەگەڵ کردن.