جام کوردی- سەرۆکی خولی ڕاگوزەری سووریا بە دەرکردنی فەرمانێکی فەرمی، ڕۆژانی ١٨ی مارس و ٨ی دیسامبەری وەکوو جەژنە نیشتمانییەکانی نوێ بە ڕۆژژمێری ئەو وڵاتە زیاد کرد.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی خولی ڕاگوزەری سووریا، بە دەرکردنی فەرمانێک لەمەڕ پشووە فەرمییەکانی وڵات، چەندین گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێری نیشتمانی کرد کە بریتیە لە لابردنی هەندێک لە بۆنە مێژووییەکان و زیادکردنی چەندین جەژنی نوێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕووسیا ئەلیەوم، بەپێی ئەم فەرمانە سەرۆکی خولی ڕاگوزەری سووریا، پشووەکانی پەیوەست بە بۆنەکانی «شەڕی ڕزگاریکەری تشرین» (شەڕی عەرەبەکان و ڕژێمی زایۆنی لە ساڵی ١٩٧٣ بەڕێبەرایەتی میسر و سووریا) جەژنی شەهیدان (شەهیدانی مووقاوەمە لەبەرانبەر ئیمپراتۆری عوسمانی و داگیرکاری فەرەنسا) و هەروەها ڕۆژی مامۆستا هەڵوەشایەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: ئەحمەد شەرع لەبەرامبەردا، دوو بۆنەی نوێی وەکوو پشووە فەرمییەکان و جەژنە نیشتمانییەکان بە ڕۆژژمێری وڵات زیاد کرد کە بریتیە لە ڕۆژی ١٨ی مارس بەبۆنەی ساڵیادی دەسپێکی شۆڕشی سووریا و ٨ی دیسامبەر بەبۆنەی جەژنی ئازادکردنی سووریا.
لەم فەرمانەی سەرۆکی خولی ڕاگوزەری سووریادا هاتووە، هەژدەی مارس و هەروەها هەشتی دیسامبەر، بەبۆنەی ساڵیادی دەسپێکی شۆڕش و رۆژی ڕزگاری، دوو جەژنی نیشتمانیین و پشووی فەرمی دەبن.
ئەم بڕیارە لە حاڵێکدا دەردەچێت کە ئەحمەد شەرع جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر پێویستی بنیاتنانەوەی وڵات و تێپەڕاندنی سەردەمی شەڕ کرد.
ناوبراو لە میانەی سەردانی لە کتێبخانەی نیشتمانی دیمەشق بەمەبەستی چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: سووریا لەماوەی چەند مانگێک، توانیویەتی کارێکی گەورە ئەنجام بدات و دەست بە پرۆسەی نوێ هەڵبژاردن بکات.
ئەحمەد شەرع بە شانازی کردن بە ئەوەی کە سوورییەکان توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا قۆناغی شەڕ و بشێوی تێپەڕێنن و بەرەو هەڵبژاردن و بەشداری کردن بچن، وتی: چەندین یاسای هەڵپەسراو لە ئارادایە کە پێویستیان بەوە هەیە تاکوو لە ڕێگای دەنگدانەوە یەکلایی بکرێنەوە تاکوو بتوانین پرۆسەی بنیاتنانەوە پێشبخەین.هەموو سوورییەکان دەبێت بەشدار بن لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان و ئێمە بۆ بنیاتنانەوەی سووریا پێویستمان بە چەندەھا دەستکەوتی نوێ هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا.