جام کوردی - عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی قاهیرە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، چیتر بۆ تاران کارا نییە.
ڕاشیگەیاند کە بڕیاری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەم نزیکانە ڕادەگەیەنرێت.
عێراقچی لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە تارانی پایتەخت، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە: ''ڕێککەوتنی قاهیرە کاریگەر نییە، مێکانیزمی سناپ باک هەموو مەرجەکانی گۆڕیوە و ئێمە لەبەردەم بارودۆخی نوێداین.''
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئێران وێڕای پاراستنی مافەکانی، ئامادەیە بۆ هەر چارەسەرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەردوولادا بگونجێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پێیان وا بوو لە ڕێگەی میکانیزمی سناپ باکەوە کارتی فشاریان بەدەستەوەیە، کەچی و بەکاریشیان هێنا و ئەنجامەکەی ڕوون بوو، کە هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکرد."
هەروەها ڕەخنەی لە ڕۆڵی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا گرت و گوتی : " بەو هەڵوێستەیان ڕۆڵی خۆیان لە دانوستانەکاندا لاواز کرد،" ئەمەش واتای ئەوەیە کاریگەرییان لە هەر ڕێککەوتنێک لە داهاتوودا سنووردار دەبێت.
گوتیشی: "ئێران لەسەر هەڵوێستی خۆی ڕژدە و پابەندە بە دانوستان، بە مەرجێک دانوستانەکان بە نیازپاکی و بەرژەوەندی هاوبەشی هەر دوو لا بەڕێوەبچن،"؛ جەختیشی کردەوە "هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بە فەرمی لەلایەن ئێرانەوە پێشکەش نەکراوە. "
سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، لە قاهیرە، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عێراقچی و ڕافائیل گرۆسی بە سەرپەرشتی بەدر عەبدول عەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە میکانزمی کارکردنی لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە واژۆ کرا.
وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئەورووپی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان دا، کاتژمێر 3:30 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرانەوە.