جام کوردی- دوکتۆر بەختیار سەجادی، ئەندامی کۆڵیژی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە، بە پێی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکی ئەکادیمیای کوردییەوە (ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی)، وەک ئەندامی ئەنجومەنی زانستی ئەو ڕیکخراوە  هەڵبژێردرا.

ئەکادیمیای کوردی کە بینای سەرەکیی لە شاری هەولێرە، تاکە دامەزراوەی فەرمی زمان و ئەدەبیاتی کوردییە و ئەنجوومەنە زانستییەکەی لە ٢٥ ئەندامی هەڵکەوتە و دیار لە سەرانسەری جیهان پێکدێت. دوکتۆر بەختیار سەجادی تاکە ئەندامی ئێرانیی ئەم کۆڕبەندە زانستییە نێودەوڵەتییە خاوەن پێگە و بەناوبانگەیە.

ئەم دەستکەوتە گرنگە کە هەڵقوڵاوی شارەزایی و پێگەی زانستی بەرزی دوکتۆر سەجادییە، شانازییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی زانستیی زانکۆی کوردستان و وڵات بە گشتی.

شایەنی باسە کە دوکتۆر سەجادی وەک یەکەم بەڕێوەبەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە وەگەڕخستن و پەرەپێدانی ئەم بەشەدا دەوری سەرەکیی گێڕا.