بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەدان شاخەوان کە بە هۆی بەفربارین و زریانی سەختەوە لە بناری ڕۆژهەڵاتی چیای ئێڤرێست لە تبت گیریان خواردبوو، لەسەر هەوڵی تیمەکانی فریاگوزاری ڕزگارکراون.

سەدان گەشتیاری چینی لە ماوەی هەشت رۆژی پشووی نیشتمانی وڵاتەکەیاندا بۆ گەشتکردن و گەشتی سروشتی ڕوێشتبوون بۆ ئەو ناوچەیە، کە تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بوون. تا ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 350 شاخەوان گوازراونەتەوە بۆ شارۆچکەی بچووکی "کۆدانگ" و پەیوەندی لەگەڵ زیاتر لە 200 کەسی دیکەش گیراوە. ئەم ڕووداوە لە دۆڵی کارما ڕوویداوە، ڕێگایەک کە دەچێتە بناری ڕۆژهەڵاتی چیای ئێڤرێست

شاخەوانێکی ڕزگارکراو بەناوی "ئێریک ڤان" بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "هەموو شەوێک بەفر و باران دەباری و بەدرێژایی کاتەکە نەماندەتوانی ئێڤرێست ببینین، بەفرەکە هێندە قورس بوو، ناچار بووین هەر 10 خولەک و جارێک سەقفی چادرەکانمان پاک بکەینەوە بۆ ئەوەی نەڕوخێن بەسەرماندا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی Jimu News نزیکەی هەزار کەس بەهۆی داخراوی ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە گیریان خواردووە. سەدان فریاگوزار و خەڵکی گوندەکە بۆ کردنەوەی ڕێگاکان کۆبوونەوە بە مەبەستی ڕزگارکردنی نزیکەی 200 شاخەوانی دیکە.

دۆڵی کارما بە بەرزی نزیکەی ٤٢٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە هەڵکەوتووە. بەفربارینەکە ئێوارەی ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد و تا شەوی شەممە بەردەوام دەباری. هاوکات ڕاپۆرتەکان لە نیپاڵەوە ئاماژە بە بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە باشووری هیمالایاشدا دەکەن. بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە تا ئێستا لانیکەم 47 کەس گیانیان لەدەستداوە و 200 کەسی دیکەش لە مەترسیدان.