فابیۆ کاناڤارۆ، بەرگریکاری ئەفسانەیی تۆپی پێی ئیتاڵیا و کاپتنی هەڵبژاردەی براوەی جامی جیهانی ٢٠٠٦ وەک سەرۆکی نوێی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان دەستنیشان کرا.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆزبەکستان ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند کە، کاناڤارۆ دەستبەجێ دەست بە کارەکانی دەکات. ئەم بڕیارە لە سەروبەندی یەکەم دەرکەوتنی مێژوویی ئۆزبەکستان لە مۆندیالی ٢٠٢٦ درا.

هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان بە سەرۆکایەتی تەیمور کاپادزە ڕاهێنەری ڕەسەنی ئۆزبەکستان توانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا سەرکەوێت بۆ مۆندیال، بەڵام فیدراسیۆنی وڵاتەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدوای بژاردەیەکدا دەگەڕێت کە ئەزموونی زیاتری نێودەوڵەتی هەبێت.

پێش ئەوەی کاناڤارۆ هەڵبژێردرێت، ناوە گەورەکانی وەک یواکیم لۆو، ڕاهێنەری براوەی جامی جیهانی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەڵمانیا و پاولۆ بێنتۆ، ڕاهێنەری پێشووی پورتوگال و کۆریای باشوور، لە لیستی بژاردەکانیشدا بوون.

کاناڤارۆی تەمەن 52 ساڵ، دوای خانەنشینی لە ساڵی 2011 هاتە ناو جیهانی ڕاهێنەرایەتی، زۆربەی ئەزموونەکانی لە تۆپی پێی ئاسیادا بەدەستهێناوە. بەڕێوەبەری تیپەکانی وەک ئەلنەسری سعودی و گوانگژۆ ئۆرگراندی چینی بووە، لەگەڵ ئەم یانەیە لە ساڵی ٢٠١٩ جامی سوپەری چینی بەدەستهێناوە.