دکتۆر قوتبەدین سادقی، نووسەر، مامۆستای زانکۆ و هونەرمەندی پێشەنگی بواری شانۆ، یەکێکە لەو کەسایەتییە دیارانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین بەرهەمی لە بواری شانۆگەریی ئێرانی و کوردیدا خوڵقاندووە و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هونەر لە کوردستان و ئێراندا هەنگاوی ناوە.
دوکتۆر سادقی لەم وتووێژەدا کە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهری کوردستاندا ئەنجامی داوە، بارودۆخی ئێستای شانۆی هاوچەرخ لە ئێران و کوردستان، ئاڵنگارییەکانی پەروەردەی هونەری و پێگەی کولتووری ڕەسەن و خۆجیی لە بەرهەمە هونەرییەکاندا شی دەکاتەوە. هەروەها باس لە ئەزموونە کەسییەکانی خۆی لە بواری شانۆدا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە شانۆ کاتێ کاریگەر دەبێت کە لە دڵی خەڵک و بۆ خەڵک بێت.
ئەم وتووێژە دەرفەتێکی باشە بۆ ئاشنابوون بە هزر و کەڵکەڵەکانی یەکێک لە پێشەنگانی بواری شانۆی ئێران، کە لە ڕێگەی هونەرەوە هەوڵی پاراستن و فراوانکردنی شوناسی کولتووری و زمانیی کوردستان دەدات.
• وەک پرسیاری یەکەم، پێتان وایە شانۆ تا چەند توانیویەتی دەنگی گەلی کورد بێت و چ ڕۆڵێکی لە پاراستنی کولتوور و زمانی کوردیدا هەبووە؟
- شانۆی نەریتی و ڕەگداکوتاوی ئێمە توانیویەتی ڕێوڕەسم و زمان و شوناسی کولتووری کورد بە باشی بپارێزێت، بەڵام لە بواری شانۆی هاوچەرخدا هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی جیهانی. هۆکاری ئەم کەموکوڕییە کەمی بەهرە نییە، بەڵکو بۆ نەبوونی پێداویستییەکان، ڕاهێنانی ناتەواو و نەبوونی ژێرخانی گونجاو دەگەڕیتەوە. شانۆی هاوچەرخ لە کوردستان پێویستی بە پشتیوانی جیددی ڕەقامێری و نەرمامێری هەیە و سەرەڕای ئەمەش، پارێزگای کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە کارنامەیەکی قبوڵکراوی هەیە.
• دۆخی کولتووری و ڕۆشنبیری ئەمڕۆی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- دۆخی فەرهەنگی لە کوردستاندا، سەرەڕای توانای و پۆتانسێلی بەرزی، هێشتا لە گەڵ کێشەدا دەستەویەخەیە. گرنگترین ئاستەنگ نەبوونی بودجە و ئاسانکاریی پێویستە و ئێوە ناتوانن بەبێ دابینکردنی پێداویستییەکان چاوەڕێی بەرهەمهێنانی بەرهەمی گەورە بکەیت. بۆ نموونە ئێمە لە ئەکادیمیای هونەر دوو شانۆگەریمان، هەر یەک بۆ ماوەی ٢٠ شەو، پێشکەش کرد. ئەم ئاستە لە پێشوازیکردن، بەتایبەتی لەلایەن بینەرانێکەوە کە زۆربەیان بۆ یەکەمجار شانۆیان دەبینی، بۆ ئێمە سەرسوڕهێنەر بوو. ئەگەر کارەکان ڕاستگۆ و ڕاستەقینە و لە دڵی خەڵکەوە بن، گەل بە دڵ و گیان پشتیوانیان دەکات.
• وەک مامۆستایەکی زانکۆ، دۆخی پەروەردەی هونەری لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێراندا چۆن دەبینیت؟
- پەروەردەی هونەری لە ئێران بە تایبەت لە بواری شانۆدا لە قەیرانێکی جیددیدایە. لە هەڵبژاردنی هەڵەی خوێندکارانەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە نەبوونی مەنهەجی خوێندنی بێکوالیتی و مامۆستایانی بێئەزموون و نەبوونی ئاسانکاری کردەوەیی. بەداخەوە توانای زانستیی هەندێک لە مامۆستایان لە خوێندکارەکانیان کەمترە.
ئێمە ناتوانین تەنها بە تیۆری و نامیلکە فێرخوازی شانۆ پەروەردە بکەین. شانۆ لە بنەڕەتدا کردەوەیە؛ دەبێت لەسەر ستەیجی شانۆ فێری بێت، پێویستمان بە زانکۆ هەیە کە شانۆ و هۆڵی پرۆڤە و نواندن و پێداویستیی نمایشکردن بۆ خوێندکاران دابین بکات.
• ئایا لە دەقی فێرکاریی زانکۆکاندا شانۆی خۆجێی و کوردی لەبەرچاو دەگیرێت؟
- نەخێر، بەداخەوە زۆربەی مامۆستاکان بە هیچ شێوەیەک خوێندەواریی نەتەوەیییان نییە، تەنیا شانۆی ڕۆژاوایی کۆپی دەکەن بەبێ ئەوەی لە ڕەگ و ڕیشەی تێبگەن. لە هەندێ نامیلکەدا شانۆی کوردی یان تەنانەت ئێرانیش هیچ جێگایەکی نییە. تێگەیشتنی باو ئەوەیە کە شانۆ تەنها واتا پۆستمۆدێرنیزم، نمایشکردن بە کۆتایی ساختە و هتد. لە حاڵێکدا ئەمانە ئەگەر ڕەگ و ڕیشەیان لە نێو خەڵکدا نەبێت، بە هیچ شێوەیەک کاریگەر نابن. دەبێت لە کولتوری خۆمانەوە دەست پێ بکەین نەک لە ڕۆژاواوە.
• لە ئەکادیمیای هونەری کە بەڕێزت لە سنە داتمەرزاندووە، چ چالاکیەک ئەنجام دراوە و چ کاریگەرییەکی هەبووە؟
- ئێمە تا ئێستا لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی دوو خولی ڕاهێنانی نواندنمان ئەنجامداوە و هەنووکە خۆمان بۆ خولی باڵا ئامادە دەکەین. پەروەردەکەمان هەم ئەکادیمی و هەم پراکتیکی بوو و کارمان لەسەر لێهاتوویی جەستەیی، دەربڕین، جوانیناسی، ڕەخنەی شانۆنامە و دەرهێنان کرد.
گرنگترین بەش، پەروەردەی پراکتیکی و پرۆڤەی بەردەوامی نواندنە. لەم ڕێگایەدا، جۆش و خرۆش و داهێنانێکی زۆرم لە هونەرخوازانی گەنجدا بینی، کە زۆر ئومێدبەخشە.
• تکایە باسی ئەزموونە کەسیەکانتان لە ڕێبازی هونەریتاندا بکەن. لەم ڕێگایەدا چی بۆ ئێوە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە بووە؟
- لە سەرەتادا بە شێوەیەکی کلاسیکی شانۆم خوێند، بەڵام خوێندن لە زانکۆی سۆربۆن لە فەرەنسا دیدگای منی گۆڕی. سەرەتا بەرمەنە کلاسیکیە ڕۆژئاواییەکانی وەک شکسپیر و یۆنانی کۆنم خوێند، بەڵام زۆری نەخایاند تێگەیشتم کە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆمان. ئیلهامم لە شانامە و مەسنەوی و مەنتیقوتەیر و مێژووی بەیهەقی وەرگرتووە و وەرمگێڕاوە بۆ زمانی شانۆ.
پاشان دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لە کولتووری کوردی؛ بەیت و چریکە و دابونەریت و ئەفسانەکانم خوێند و لەسەریان شانۆنامەم نووسی. تا ئێستا ٣٢ شانۆنامەم نووسیوە کە یازدەیان لە کولتوری زارەکی کوردییەوە هاتوون و هەندێکیشیان باس لە پرسە هاوچەرخەکان دەکەن.
• ئەگەر بتەوێت پەیامێک بە نەوەی نوێی هونەرمەندانی کورد بدەیت، چی دەڵێیت؟
- سەرەتا پێویستە بخوێننەوە و لێکۆڵینەوە بکەن و کولتووری خۆیان بناسن و خەڵک بناسن و لە پێداویستییەکانیان تێبگەن. نابێت هەوڵی کاریگەری لەسەر تاران و ئیسفەهان بدەن. پێویستە سەرەتا وەڵامی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان بدەنەوە.
دووەم: نابێت کۆپیکار بن؛ پێویستە داهێنەر بن. من بە توندی دژی لاساییکردنەوەی ڕووتم. هونەری ڕەسەن لە خەمی ڕاستەقینەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. هونەرمەند دەبێت ئاوێنەیەکی کۆمەڵگاکەی بێت نەک دووبارەکەرەوەی شێوازە هاوردە بێ ڕەگەکان.