جام کوردی- وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەی وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران ڕایگەیاند: پێداگری زیاتر لەسەر ئەم هەڵەی ستراتیژییە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. هیچ چارەسەرێک جگە لە گەیشتن بە «چارەسەرێک کە دانووستاندنی لەسەر کراوە » بوونی نیە.
سەیید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی لە بەرامبەر وتەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی ئێران وەرگرت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزیری دەرەوەی ئێران، عێراقچی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: کاتێک بۆ بەشداری کردن لە پێنجەمین خولی دانووستاندنەکان لەگەڵ بەڕێز ویتکاف لە ٢ی جۆزەردان (٢٣ی مەی) بەڕێکەوتم، نووسیم: چەکی ناوەکی سفر = ڕێکدەکەوین. پیتاندن سفر = هیچ ڕێکەوتنێک لە ئارادا نیە.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەیرێکی ناوەڕۆکە نووسراوەکەی ئەم دانووستاندنانە کە لەلایەن ناوبژیوانی دانووستاندنەکان تۆمار کراوە، بکات، دەبینێت کە چەندە نزیک بووین لە ئاهەنگ گێڕانی گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی ناوەکی نوێ و مێژوویی.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: بەهەمان شێوە، هیچ «زانیارییەک» بوونی نیە کە بیسەلمێنێت کە ئەگەر ئیسرائیل ئەمریکای بۆ هێرش کردنە سەر خەڵکی ئێران فریوو نەدەدا، ئێران «لەماوەی مانگێک» نزیک دەبووەوە لە چەکی ناوەکی. بە شکست هێنانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، ئیسرائیل ئێستا هەوڵ دەدات هەڕەشەیەکی خەیاڵی لە هێزی بەرگری ئێران بخاتە ڕوو. ئەمریکییەکان ئیدی لە شەڕ کردن بۆ «شەڕە بێ کۆتاییەکانی» ئیسرائیل ماندوو بوون.
عێراقچی وتی: ئێران وڵاتێکی «مەزن»ـە و ئێرانییەکان گەلێکی «مەزن» و میراتگرانی شارستانییەتێکی کۆنی «گەورە»ـن. لەوانەیە مەکینەواڵە و بیناکان لەناو بچن، بەڵام ئیرادەمان بەهێزە و چۆک نادەین. پێداگری زۆرتر لەسەر ئەم هەڵە ستراتیژیە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. هیچ چارەسەرێک جگە لە گەیشتن بە «چارەسەرێک کە دانووستاندنی لەسەر کراو» لە ئارادایە نیە.
جێگای ئاماژەیە لەم دواییانەدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی: ئێمە ٢٢ ساڵ چاوەڕوانی هێرش کردنە سەر ئێران بووین و هیچ یەک لە سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا بوێری ئەنجام دانی ئەو هێرشەی نەبوو.
ناوبراو هەروەها هەمووانی ئاگادار کردەوە: ئەگەر ئێران درێژە بە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی بدات، دووبارە هێرش دەکەینە سەری.