جام کوردی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"هیچ کات نامانەوێت پەیوەندییمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم قسانەی لە دیداری مێری کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە پەیودەندییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و گوتی، "دەمانەوێت فاکتەری سەقامگیری بین لە ناوچەکەدا."
نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، " ئێران دراوسێیەکی باشە و دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان هەبێت." گوتیشی، "هیچ کات نامانەوێت پەیوەندییمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە دوایین سەردانی بۆ ئێران کرد و رایگەیاند، "پێم وایە دوای سەردانەکەم بۆ ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران بۆ باشتر گۆڕاون."
بارزانی وتی: لەگەڵ ئێران دوو شت هەن، یەکەمیان ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە. ئێمە سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەرگیز خوازیاری ئەوە نەبووین و نین کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: ئێمە سەرچاوەی هەڕەشەش نین بۆ ئێران. نامانەوێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ دژایەتییەکی هیچ دراوسێیەکی ئێمە بکرێت، بە هیچ شێوەیەک. ئێرانیش لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەیە کە نامانەوێت هەرگیز ببینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئەو وڵاتە. ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە دەمانەوێت هۆکاری ئاسایش بین لە ناوچەکە نەک هۆکاری تێکدان، ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە.
بارزانی سەبارەت بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، وتی؛ لەڕووی ئابوورییەوە، پەیوەندیی نزیکەی 11 ملیار دۆلاری بازرگانیمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. پێموایە ساڵی رابردوو بوو کە سەردانی ئێرانم کرد، لەدوای ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کرایەوە. سەرۆککۆماری ئێران هاتە هەولێر، پێموایە ئەوانە گۆڕانکاریی زۆر ئەرێنی بوون لە پەیوەندیی نێوان ئێمە و ئێراندا. دیسانەوە دەیڵێم، ئێران وڵاتێکی گرنگە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییەی ئێستا هەیە، زیاتر پەرەی پێ بدەین و بە هیچ شێوەیەکیش هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێران لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئێمە سوپاسیان دەکەین. دراوسێیەکی گرنگە، دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵیاندا هەبێت. پێموایە، دوای سەردانەکانم بۆ ئێران و لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دانیشتین، دوای ئەوە پێموایە جۆری پەیوەندییەکان و سیمای پەیوەندییەکان گۆڕانی باشتری بەسەردا هاتووە.