جام کوردی - وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "ئێران هه‌میشه پشتیوانی له هه‌مو ڕێكار و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك كردوه كه ئامانج لێی وه‌ستاندنی شه‌ڕ و ده‌سته‌به‌ركردنی كشانه‌وه‌ی هێزه داگیركه‌ره‌كان و هاتنه ناوه‌وه‌ی یارمه‌تییه مرۆییه‌كان و ئازادكردنی دیله‌كانی فه‌ڵه‌ستین و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین بوه".
باسی له‌وه‌شكردوه، "ئێران وه‌ك لایه‌نگری خۆڕاگری ڕه‌وای گه‌لی فه‌ڵه‌ستین له پێناوی مافی چاره‌ی خۆنوسین، له ماوه‌ی دو ساڵی ڕابردودا هه‌مو توانا دیپلۆماسییه‌كانی خۆی، چ له ئاستی ناوچه‌یی و چ له ڕێگه‌ی ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه، بۆ فشارخستنه‌سه‌ر قه‌واره‌ی زایۆنی و لایه‌نگرانی بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و مسۆگه‌ركردنی كشانه‌وه‌ی هێزه داگیركه‌ره‌كان له غه‌ززه به‌كارهێناوه".
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "ئێران ڕێزی له یادی شه‌هیده گه‌وره‌كانی به‌رخۆدان گرتوه، به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دوپاتده‌كاته‌وه بۆ ڕێگریكردن له پێشێلكارییه‌كانی ئیسرائیل، داواش له هه‌مو لایه‌نه‌كان ده‌كات وریا بن و ئاگاداری فریودان و پێشێلكردنی په‌یمانه‌كانی ئیسرائیل بن، "ڕاگرتنی تاوانه‌كان له غه‌ززه، حكومه‌ته‌كان و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان له به‌رپرسیارێتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه یاسایی، مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌كانیان بۆ گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری و لێپرسینه‌وه له ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كانی جه‌نگ، جینۆساید و تاوانه‌كانی دژ به مرۆڤایه‌تی، به ئامانجی كۆتاییهێنان به ده‌یان ساڵ بێ سزای كه قه‌واره‌ی زایۆنیستی به‌هره‌مه‌ند بوه، بێبه‌ری ناكات".