جام کوردی- سەبارەت بە ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتایبەت لە سەردەمی
سەرۆکایەتی ترەمپ، نەک بەشوێن چارەسەری پرسەکان، بەڵکوو بەشوێن بەڕێوەبردنی بووە. ئەم بەڕێوەبردنە،
بەپێچەوانەی ئەو وێنایەی کە باوە، نەک لە چەشنی دیسیپلینی هەرێمی، بەڵکوو لە چەشنی
جڵەو و لاواز کردن و کۆنتڕوڵی تواناکانی ئێرانە له ئاستی هەرێمی و جیهانیدا.
ترەمپ وەک ئەکتەرێکی تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، نوێنەرایەتی سیستەمێک
دەکات کە پێش ئەوەی پشت بە دامەزراوە جێگیرەکان و لۆژیکی دیپلۆماتیک ببەستێت، بەپێی
دەروونناسی تاک، تەنیا بە پیشاندانی هێز و درووست کردنی ساتە سەمبولیکەکان دەجووڵێتەوە.
پێکهاتەی زەینی ترەمپ بەشێوەیەکە کە تەنیا شتێک کە ئۆقرەیی بە ئەو دەبەخشێت، پیشاندانی
سەرکەوتنە.
ئەم سەرکەوتنە، نەک بەتەنیا لە قاڵبی ڕێککەوتن، بەڵکوو لە قاڵبی هەڕەشە،
سووکایەتی پێکردن یان تەنانەت پاشەکشەی سەمبولیکی لایەنی بەرامبەر پێناسە دەکرێت. لەم
چوارچێوەیەدا، ئێران نەک وەک وڵاتێکی خاوەن مێژوو و بەرژەوەندی تایبەت بەخۆی، بەڵکوو
به شانۆیەکی ئامادەکراو بۆ نواندنی هێز سەیر دەکرێت. ترەمپ لە هەر هەلێکی سەمبولیک،
لە دیمانە تەلەفزیۆنیەکان بگرە تاکوو وتاردان لە کۆڕی کەسانی سەربازی، بۆ دووپات کردنەوەی
ئەم تێگەیشتنە سوود وەردەگرێت؛ ئەوەی کە «ئێمە پێشتر زیانمان بە دامەزراوە ناوەکییەکانی
ئێران گەیاندووە» و «دەتوانین دووبارەش ئەم کارە بکەین». ئەم ڕەستانە کە چەندین جار
لە وتارەکانی ئەوەدا بۆ نموونە لە مەراسیمی دووسەدو پەنجایەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی
هێزی دەریایی ئەمریکا دووپات کرانەوە، نەک تەنیا هەڕەشەیەکی سەربازی، بەڵکوو ئامرازی
دروست کردنی «بردنەوەیەک کە ببینرێت»ـن؛ بردنەوەیەک کە لە زەینی بیسەری ئەمریکیدا بچەسپێت،
تەنانەت ئەگەر هیچ جۆرە کردەیەکی ڕاستەقینەی
بەدوادا نەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پێکهاتەی شاندی دانووستانکاری ترەمپیش ڕەنگدانەوەی ئەم
لۆژیکەیە. بوونی چەند کەسایەتیەکی وەکوو ڕۆبێرت ویتکاف، خاوەن پێشینە لەبواری بازرگانی،
دارایی و دانووستاندنە دووقۆڵییەکان، دەرخەری ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبەرانبەر
ئێران، نەک بەپێی پلانێکی یاسایی و ستراتیژی، بەڵکوو بەپێی دەرفەتە مامەڵە تەوەرەکان
پێکهاتووە. لەم تێڕوانینەدا، هەر بابەتێک - لە بەرنامەی ناوەکی تاکوو هەژموونی هەرێمی
ئێران - وەکوو «سامانێک کە دەکرێ مشتومڕی لەسەر بکرێت» سەیر دەکرێت. ئامانج، گەیشتن
بە ڕێککەوتنێک نیە کە جێگیر بێت، بەڵکوو ڕێککەوتنێکە کە بتوانن بە «بردنەوەی ترەمپ
» پیشانی بدەن. ئەم تێڕوانینە، ئاوێنەی ڕاستەوخۆی دەروونناسی سیاسی ترەمپە: سوود وەرگرتن
لە هەر هەلێک، چ لەکاتی شەڕەدا چ لەکاتی ئاشتی دا، بۆ چەسپاندنی وێنەی «ترەمپی سەرکەوتوو».
لەبەرانبەر ئەم گوشارەدا، ئێران ڕووبەڕووی سیستەمێک دەبێتەوە کە دەبێت
هاوکات سێ شت ئەنجام بدات؛ پاراستنی سەربەخۆیی ستراتیژی، کۆنترۆڵکردنی خۆنوێنی ترەمپ
و پێنەخستنە نێو یاری بردنەوە - دۆڕاندنی ئەو. ئەم سیستەمە، نەک تەنیا کاردانەوەی،
بەڵکوو پشتی بەستووە بەو پرەنسیپانەی کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا پێکهاتووە و لەبەرامبەر
گوشارە جۆراوجۆرەکان، لە شەڕ بگرە تاکوو سزاکان، ئەزموون کراوە. ئێران لەبەرانبەر گوشارە
دەرەکییەکان، سیستەمی بڕیاردانی نەک لەسەر کاردانەوە کاتییەکان، بەڵکوو لەسەر چەسپاندنی
سەربەخۆیی ستراتیژی دامەزراندووە. هەر گوشارێک، بە بەشێک لە پڕۆژەی خۆسەپێنی ڕۆژئاوا
دادەنرێت و وەڵامدانەوەی ئەمەش، نەک بە پاشەکشە، بەڵکوو بە پاراستنی شوناسی خۆڕاگریی
ئەنجام دەدرێت.
ئەم لۆژیکە، ئێران لە چوونە ناوەوەی یاری بردنەوە - دۆڕاندن کە ترەمپ پلانی
بۆ دادەڕژێت، دوور دەخاتەوە. بەپێچەوانەوە، هەوڵ دەدرێت هەڕەشەکان بکرێنە دەرفەت؛ نەک
بۆ مامەڵەکردن، بەڵکوو بۆ پێناسە کردنەوەی دۆخەکە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەی دەروونی
ترەمپ کە لەسەر دروست کردنی بردنەوە و نواندنی هێز دامەزراوە، یەکێک لە تاک وتووکە
ڕێکارە کاریگەرەکان، زیادکردنی تێچووەکانی هەر چەشنە هەنگاوێکی خۆنواندنە. ئەم تێچووانە
بەتەنیا سەربازی یان ئابووری نین و دەتوانن دەروونی، میدیایی یان تەنانەت دیپلۆماتیک
بن.ئامانج، نەک هەڕەشەی بەرامبەر، بەڵکوو پووچەڵکردنەوەی هەلی مامەڵە کردنە؛ واتە گۆڕینی
هەر هەنگاوێکی ترەمپە بە جووڵەیەک کە لە ڕای گشتی ئەمریکا یان لەنێو هاوپەیمانانی،
نەک بە بردنەوە بەڵکوو بە شکست دابنرێت.
ئێران توانایی دانووستاندنی هەیە و هاوکات سەلماندوویەتی کە توانایی خۆڕاگری
هەیە. ئەم دوو تایبەتمەندیەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئێران ئەکتەرێکی پێشبینی کراو نەبێت
بۆ ئەمریکا. لە سەردەمی ترەمپدا ئەم تایبەتمەندییە گرنگییەکی زیاتری دەبێت؛ چونکە ترەمپ
ئەکتەرێکی دەوێت کە بتوانێت لە قاڵبی «بردنەوە» پێناسەی بکات. ئەگەر ئێران بتوانێت
پلان بۆ دانووستاندنێک دابڕژێنێت کە تێیدا ترەمپ هەست بە سەرکەوتن بکات، بەڵام لە ڕاستیدا
ئیمتیازێکی ستراتیژی پێنەدات، لەوانەیە ترەمپ دەست بە وتووێژ بکات؛ سەرەڕای ئەمەش،
ئەگەر ئەم هەلە نەڕەخسێت، لەوانەیە ترەمپ گرژییەکان ئاڵۆزتر بکات، تەنانەت بەبێ ئامانجێکی
کۆتایی ڕوون.
هەروەها، سیناریۆی «گرژی بۆ ئاشتی»ش باسی لەسەر کراوە؛ واتە زیادکردنی
ئاستی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران و دواتر پێشنیاری دانووستاندن یان ڕێککەوتنی سەمبولیک
بۆ نواندنی ئاشتیخوازی. بەڵام ئەم سیناریۆیە بەر لەوەی ستراتیژی بێت، نواندنە. ئێرانیش
بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، متمانەیەکی زۆر کەمی بەم
مانۆڕانە هەیە. تەنانەت ئەگەر ترەمپ بیەوێت سوود لە قەیران لەگەڵ ئێران بۆ چەسپاندنی
دۆخی سیاسی یان دروست کردنی گێڕانەوەی سەرکەوتن وەربگرێت، سەرکەوتوویی ئەم سیناریۆیە
بۆ کاردانەوەی ئێران، کەشی نێودەوڵەتی، و متمانە بوون بە ترەمپەوە هەیە. لە ئاستی نێوخۆیی
ئەمریکاش ڕای گشتی و نوخبە سیاسییەکان حەزێکی ئەوتۆیان لە شەڕێکی نوێ نیە. ڕاپرسییەکانی
ئەم دواییە دەریدەخەن کە زیاتر لە ٦٠٪ ئەمریکییەکان دژی دەستێوەردانی سەربازی لە شەڕ
و کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئیسرائیلن.
لە هەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا، ئێران دەبێت نەک تەنیا خۆی لە کەوتنە نێو
یاری دەروونی ترەمپ، بەڵکوو دەبێت بەوردی کایەی یارییەکە دووبارە پێناسە بکاتەوە، خۆڕاگری
بەتەنیا بەس نیە؛ دەبێت بە پلان بۆ داڕژتنی
تێچووەکان، بە داڕشتنی گێڕانەوەکان و هەروەها بە کات دانانی ورد، هەر هەنگاوێکی خۆنواندنی
ترەمپ بکات بە ساتێکی بێ ئەنجام. ئەمەش واتە گۆڕینی هەڕەشە بە بێدەنگی و گۆڕینی بێدەنگی
بە سەقامگیری.