جام کوردی- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیند لە کاردانەوەی وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند هیند بەهۆی هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیا، بەناحەق کەوتووەتە بەر ئامانجی ئەمریکا.
ڕاندیر جایسوال وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیند، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: هیند بەهۆی هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە، کەوتووەتە بەر هێرشەکانی ڕۆژئاوا، گەرچی پێشتر ئەمریکا بەهۆی سەقامگیری بازاڕە جیھانیەکان پشتیوانی لە ئاوەها هاوردە کردنێک لەلایەن هیندەوە دەکرد.
ناوبراو وتیشی: هیند بەهۆی هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە پاش دەسپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا، لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتی ئەورووپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە. لە ڕاستیدا، هیند دەستی بە هاوردەکردن لە ڕووسیاوە کرد چونکە پاش ڕوودانی پێکدادانەکان، سەرچاوە دێرینەکانی دابینکەری نەوتی هیند گواسترانەوە بۆ ئەورووپا. لەو کاتەدا ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاکانە هیندی بەمەبەستی بەهێزکردنی بازاڕە جیھانیەکانی وزە، هان دەدا بۆ ئەوەی نەوت لە ڕووسیاوە هاوردە بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیند بە ڕەخنەگرتن لە تێڕوانینی دووفاقەی ڕۆژئاوا بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا وتی: هاوردەی هیند پێویستێکە کە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی بازاڕی جیھانی، ئەو وڵاتانەی کە ڕەخنەی لێدەگرن خۆیان لە بازرگانی بەرفراوانن لەگەڵ ڕووسیا لەکاتێکدا کە ئەو بازرگانیەش زۆر پێویست نییە.
ناوبراو بە خستنەڕووی داتاکانی بازرگانی ئەورووپا و ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا ڕوونیکردەوە: یەکیەتی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٢٤ بازرگانی دوولایەنەی شتومەکی لەگەڵ ڕووسیای بە بەهای ٦٧.٥ ملیار یۆرۆ هەبوو. سەرەڕای ئەوەش، بازرگانی کەرتی خزمەتگوزاریی نێوان ئەورووپا و ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٧.٢ ملیار یۆرۆ مەزندە دەکرا. ئەم ڕێژەیە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاتر لە هەموو بازرگانی هیند لەگەڵ ڕووسیا لەو ساڵەی کە ئاماژەی پێکرا یان دواتریشە. هاوردە کردنی غازی ئل ئن جی ئەورووپا لە ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٤، گەیشتنە ڕێکۆردی ١٦.٥ ملیۆن تەن و لە ڕێکۆردی پێشوو واتە ١٥.٢١ ملیۆن تەن لە ساڵی ٢٠٢٢ تێپەڕی. سەبارەت بە ئەمریکا، ئەو وڵاتە بەردەوام لە ڕووسیا هگزافلۆرایدی یۆرانیۆم بۆ پیشەسازی ناوەکی، پالادیۆم بۆ پیشەسازی سەیارە کارەباییەکان، پەین و هەروەها مادە کیمیاییەکان هاوردە دەکات.
ڕاندیر جایسوال لەکۆتاییدا جەختی کردەوە: هیند وەکوو هەر ئابوورییەکی گەورەی دیکە، هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە نیشتمانییەکانی و هەروەها ئاسایشی ئابووری خۆی دەگرێتەبەر.
شیاوی باسە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هاوکات بە پەرەسەندنی هەنگاو بە هەنگاوی گرژییەکانی واشنتۆن و دهلی نەو، ڕایگەیاند کە بەهۆی کڕینی نەوتی ڕووسیا، باجەکان لەدژی دهلی نەو بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
پەیامەکەی ترەمپ پاش چەند ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی دانانی باج بەڕێژەی لە سەدا ٢٥ لەسەر شتومەکە هاوردە کراوەکان لە هیند بڵاو کرایەوە و وتیشی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی سزایەکی نادیاریش دەبێتەوە، بەڵام باسی وردەکارییەکانی نەکرد، سەرەڕای ئەوەش، میدیاکان بە ئاماژە بە سەرچاوە حکوومیەکانی هیند ڕایانگەیاند کە ئەو باجانە کاریگەرییەکی «بێ بایەخ»-یان لەسەر ئابووری هیند دەبێت.
بەپێی ڕاگەیاندنەکان، لەماوەی کۆتایی حەوتووی زاینی،سەرچاوە حکوومیەکانی هیند ڕایانگەیاند کە کۆمپانیا نەوتییەکانی هیند هاوردە کردنی نەوت لە ڕووسیاوە ڕاناگرن چونکە «کڕینە وزەییەکانی هیند لەلایەن بەرژەوەندیە نیشتمانییەکان و فاکتەرەکانی بازاڕەوە دیاری دەکرێن».
هەڕەشە کردن لە هیند لەلایەن ترەمپەوە پاش ئاڵۆز بوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیادەی پەیوەندییەکان ناوبراو لەگەڵ ڕووسیا بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر ئاگربەست لە ئۆکرانیا دێتە ئاراوە. ئەو تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری پێشنەکەوتن، چەندین سزای نوێی ئابووری دەسەپێنێت.
هیند سێیەمین هاوردەکاری گەورەی نەوتی خاوی جیھان دوای چین و ئەمریکا، لەلایەن مێژووییەوە زۆربەی نەوتی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکڕی، بەڵام ئەو دۆخە پاش ئەوەی کە ڕووسیا بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاوا فرۆشتنی نەوتی خۆی بە داشکاندن خستنە بازاڕەوە، گۆڕانکاری بەسەردا ھات.