جام کوردی -  پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ئاڵۆزییەکەی نەخۆشخانەی شار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

سێ‌ تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمان و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیرکران.

شەوی ڕابردوو پاش کاتژمێر ١٢ ی نیوەی شەو سێ‌ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار . 

بەهۆكاری ئەوەی سەردانیكردن بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا ڕێگە پێدراو نییە ، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتە بەرو ڕێگرییان لێدەكات ، لەگەڵ ئەوەدا کە دەستگیرکراوان یەکێکیان دور لە ڕاستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدایە ، گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکەمان و یەكێكیان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت .

دەستبەجێ‌ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دووان لە تۆمەتبارەكان دەستگیرکران و لەماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە لە گەڕەكی كوردستان دەستگیركرا .

لە ئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران :

س ، س لەدایكبووی 1969

ب ، س ، س لە دایكبووی 2006

ب، س، س لەدایكبووی 2004 

بەبڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزاکانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی