جام کوردی - کونسوڵی گشتی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 وێڕای ئاماژە بەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە، وتی: لە جەنگی 12 ڕۆژە سێ چاوەڕوانی ئێران لە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ئەرێنی جێبەجێ کران

فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 گوتی: لە هەردوو دیوی ئەم سنوورە، دوو نەتەوە ناژین، بەڵکو یەک نەتەوەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر پەرەبستێنێت.

کونسوڵی گشتی ئێران گوتی: خەڵکی هەردوو دیوی ئەم سنوورە پەیوەندی خزمایەتییان هەیە، لە بەباتە سیاسییەکانیشدا ئێستا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە.

دەڵێت: وەک دەزانن لە کاروباری سیاسییدا کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکەن و باڵاترین بەرپرسی سیاسی و بەڕێوەبەریی ئێران کە سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیانە، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ خۆی دەری دەبڕێت کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە چ ئاستێکدایە.

هەروەها کونسوڵی گشتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا سێ چاوەڕوانی لە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەبوو کە هەرسێ چاوەڕوانییەکەی بە ئەرێنی جێبەجێ کران، گوتیشی: یەک لە چاوەڕوانییەکان ئەوەبوو، میدیاکانی هەرێمی کوردستان یەک لەوانیش کوردستان24، لە ڕووماڵی جەنگەکەدا بێلایەنی پاراست و تەنیا هەواڵی گواستەوە.

فەرامەرز ئەسەدی گوتی: چاوەڕوانیمان لە هەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و برا و هاوپەیمانی ئێمە ئەوەبوو، لە 12 ڕۆژی جەنگدا نەبێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر بە ڕاستگۆییەوە باسی بکەین، ئەمە بە تەواوی لەبەرچاوگیرا و مافی دراوسێیەتیان بە تەواوی جێبەجێ کرد، گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت سوپاسی کوردستان24 و میدیاکانی کوردستان بکەین کە ڕووماڵی جەنگەکەیان بێلایەنانە کرد و تەنیا هەواڵیان گواستەوە.