جام کوردی ـ بەسەرپەرشتیو ئامادەبونی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراقو تورکیا، کۆبونەوەیەکی فەرمی لەبارەی دۆسیەی ئاوو پەرەپێدانی هاریکاریی دوو قۆڵی لەئەنكەرە بەڕێوەچوو.
کۆبونەوەکە لەتهلارى وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەئامادەبونی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیرانو وەزیری دەرەوەی عێراقو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەنجامدرا.
دواتر لیژنەی تەکنیکیی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا کۆبوەوە، لەلایەنی عێراقەوە عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوو لەلایەنی تورکیاشهوە ئەبوبەکر کزل کەیدەر بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵو دارستان سەرۆکایەتییان دەکرد.
لەکۆبونەوەکەدا عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، دۆخی ئاو لەعێراقو ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی هەردوو حەوزی دیجلەو فوراتەوە ڕوبەڕوی وڵات بونەتەوە خستەڕوو.
ناوبراو جەختی لەگرنگیی زیادکردنی ئاستی ئاوکردەوە بەتایبەتی لەڕوباری دیجلە.
لەبەرامبەردا، ئەبوبەکر کزل کەیدەر بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵو دارستانی تورکیا ڕایگهیاند، "وڵاتەکەی پشتگیریی عێراق دەکاتو بەبایەخەوە چاودێریی دۆخی سەختی ئاو دەکات کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت".
وهكو سهرچاوهكانى ههواڵ باسیان كردوه، "هەردولا ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری کورتخایەنو درێژخایەن بۆ قەیرانی ئاو، ئەمەش لەڕێگەی کاراکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری لەبواری ئاوداو دەستپێکردنی کۆمپانیا تورکییەکان بەجێبەجێکردنی پڕۆژەو ژێرخانی پەیوەندیدار".
هەروەها هەردولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبونی هاریکارییو هەماهەنگیی هاوبەشو ئەنجامدانی کۆبونەوەی خولیی لیژنەی تەکنیکیی هاوبەش کردەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن لەپڕۆژە هاوبەشەکان.