جام کوردی - حوسام بەدران  سەركردەیەكی باڵا لەمەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، بەئاژانسی(فرانس پرێس)ـی ڕاگەیاند: قسەکردن لەسەر جێهێشتنی کەرتی غەززە لەلایەن سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس بەپێی ئەو پێشنیازەی کە لەپلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هاتوە، کارێکی بێهودەو گاڵتەجاڕییە.

سەركردەكەی بزوتنەوەی حەماس ئاشكراشیكردوە: قسەکردن لەسەر دەرکردنی فەڵەستینییەکان، جا چ حەماس بێت یان جگە لە ئەوان لەخاکەکەیان، کارێکی بێهودەو گاڵتەجاڕییە و هیچ فەڵەستینییەک ناتوانێت بەمە ڕازی بێت.

هاوکات حەماس هۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل و رایانگەیاندووە: وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل دەدەنەوە ئەگەر جەنگ لەغەززە دەستپێبکاتەوە.

حوسام بەدران وتیشی: ئەگەر ئەم شەڕە بسەپێنرێت، بێگومان حەماس ڕوبەڕوی ئیسرائیل دەبێتەوە و هەموو تواناکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک.

جەختیش دەكاتەوە قۆناغی دوەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل زۆر سەخت و ئاڵۆز دەبێت ڕەنگە ئەوە وابکات دانوستانەکان کاتی زیاتریان بوێت.