لەم هەفتەیەدا بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2019ەوە گەڕایەوە بۆ چین، بڕیار بوو دوو یاری پێش وەرز لە نێوان بروکلینی نێتس و فۆنیکس سەنس ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێت و یارییەکەی دیکەش بڕیارە یەکشەممە ئەنجام بدرێت.

شەش ساڵ لەمەوبەر خولەکە پەخشی یارییەکانی لە چین ڕاگرت، دوای ئەوەی کارگێڕێکی NBA پشتگیری لە خۆپیشاندەرانی لایەنگری دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ کرد.

ئێستا بە هاوبەشییەکی نوێی نێوان NBA و عەلی بابا و جۆ تسای سەرۆکی کۆمپانیای عەلی بابا کە خاوەندارێتی یانەی بروکلینی نێتس دەکات، یارییەکان گەڕاونەتەوە چین.

ماکاو بۆ یەکەمجارە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە میوانداری یارییەکانی NBA دەکات و ئادەم سیلڤەر کۆمیساری خولەکە باسی ئاستی بەرزی ئارەزووی باسکە دەکات لە چیندا.

 لە ساڵی ٢٠١٩ یانەی NBA ڕایگەیاند کە ٣٠٠ ملیۆن کەس لە چین یاری باسکە دەکەن.

ئەگەری هەیە گەڕانەوەی ئەم یارییە نیشانەی باشتربوونی وردە وردەی پەیوەندییەکانی نێوان NBA و چین بێت، سەرەڕای گرژییە سیاسییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین.

هەروەها هاندەرانی چینی بە گەڕانەوەی ئەم یارییە دڵخۆشن و هیوادارن لە داهاتوودا ئەستێرەی زیاتر لە نزیکەوە ببینن.

لە گەڕانەوەی فەرمی NBAدا بۆ چین دوای شەش ساڵ وەستان، کۆمەڵێک کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی ئامادەبوون. ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلتەرا "دەیڤید بێکهام" و "جاکی چان" ئەستێرەی ئەکشن و "شاکیل ئۆنیڵ" ئەستێرەی پێشووی NBA لە میوانە تایبەتەکانی یارییەکەی نێوان بروکلینی نێتس و فۆنیکس سەنز لە یاریگای ڤێنیز ماکاو بوون.