جام کوردی - سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری داوە لیژنەیەکی باڵای نیشتیمانی دروست بکرێت سەبارەت بە سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا کە بەسەر چەند کۆمپانیا و دامەزراوەی جیاواز سەپاندوویەتی.

 باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق رایگەیاند، " لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی گەنجینەی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای ئەندازیاری گشتی و هەندێک قەوارەی دیکە، بە بیانووی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان".

ئاماژەی بەوكرد، "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتمانی کە پێکهاتبێت لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی، دەستەی باڵای وردبینی، کۆمیسیۆنی دەستپاکی، و بانکی ناوەندی، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەیوەندیدار و پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی لە ماوەی 30 رۆژدا، لەوانە رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست لە دژی ئەو سزایانە".

عەوادی وتی، "عێراق پابەندە بە سەرجەم ئەو رێککەوتن و یاداشتنامە نێودەوڵەتیانەی واژۆیکردووە، هاوکات نیگەرانە بەرامبەر بەو سزایانەی سەپێندراوە و داوایان لە نوێنەرانی نێودەوڵەتی کردووە کە پاڵپشتی عێراق بکەن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كۆمەڵێك سزای سەپاند بەسەر ژمارەیەک كەسایەتیی بانكی و كۆمپانیا عێراقییەكان لەوانە" كۆمپانیای موهەندس كە باڵی ئابووری حەشدی شەعبییە.