جام کوردی- سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم رایگەیاند" ئەگەر ئەمڕۆ یا سبەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاگادار بکرێنەوە بڕی 120 ملیار دینارەكە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق. ئەوا حكومەتی ناوەند بۆ ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پارە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت دەنێرێت."
هاوکات سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی فیدڕاڵ ڕایگەیاند" حكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كورد لە بەغدا داوایانكردووە، لەماوەی مانگێك و چەند ڕۆژێكی بەر لە هەڵبژاردن، دوو مووچەی یەك لە دوای یەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت."
هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت و مووچەی مانگی نۆ لە سەرەتای مانگی داهاتوو و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابەش بكرێت .
هاوکات لیستی مووچەی مانگی هەشتیش دەمێکە لە بەغدایە و وردبینی بۆ کراوەو هیچ گرفتی نییە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد، ئەگەر بێت و حكومەت بە هەر بیانویەك، 120 ملیار دینارەكە درەنگتر بنێرێت ئەوا ناردنی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەفتەی داهاتوو دوا دەكەوێت.