بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوری عێراق بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی عێراق ڕووداوێکی سەرەکییە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان هاوتەریب لە گەڵ ڕێبازەکانی گەشەپێدانی وڵات، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم وڵاتە سەکۆیەکی گونجاو و ئومێدبەخشە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا.

ئیبراهیم بەغدادی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەهرەمەندە لە پێگەیەکی جوگرافی ستراتیژی کە وایلێدەکات ببێتە ئەڵقەیەکی سەرەکی لە تۆڕی گواستنەوەی نێودەوڵەتیدا، جگە لەوەش خاوەنی سەرچاوەی سرووشتی و مرۆییە کە دەیکاتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن.

بەغدادی بە ئاماژەدان بە ڕێوشوێنە پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ وەبەرهێنەران و پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک ڕێگای گەشەپێدان کە لێک نزیکبوونەوەی ئابوری لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات، وتی: لەم کۆڕبەندەدا زیاتر لە 150 دەرفەتی وەبەرهێنان لە 12 کەرتی ئابوریدا دەخرێتەڕوو، لەوانەش کەرتی وزە و وزەی نوێبووەوە کە 27 دەرفەتی وەبەرهێنانیان هەیە لە 13 پارێزگا، هەروەها پرۆژە بۆ وزەی گەرمی، خۆر، وزەی با هەروەها کارگەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا لە پاشماوەکان لەم پۆلەدا جێگیرکراون.

ئەو بەرپرسە عێراقییە وتی: کەرتی نەوت و غاز دوو دەرفەتی وەبەرهێنان لەخۆدەگرێت بۆ درووستکردنی پاڵاوگە و کارگەکانی بەسرە و واست، هاوکات کەرتی پیشەسازی قورس و مامناوەند لە 10 پارێزگادا 21 دەرفەت لەخۆدەگرێت، کە بریتی دەبن لە پیشەسازی کیمیایی و خۆراک.

بەغدادی زیادی کرد: کەرتەکانی پیشەسازی و ناوچە ئازادەکان 9 دەرفەت لەخۆدەگرن بۆ دامەزراندنی شارۆچکەی پیشەسازی و دەرمانسازی و ناوچەی ئازاد لە کەربەلا، میسان، دیوانیە، ئەنبار، بەسرە و نەینەوا.

وتیشی کە دەرفەتی وەبەرهێنان بریتییە لە پرۆژە لە کەرتی کشتووکاڵ و ئاژەڵداری کە 20 دەرفەت لەخۆدەگرێت لە 5 پارێزگا لە ناوچە کشتووکاڵییە فراوانەکان.

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابوری عێراق ڕایگەیاند: ئەو دەرفەتانە کەرتی تەندرووستیش دەگرێتەوە کە 10 دەرفەتی درووستکردنی نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەتمەند لە 7 پارێزگا هەیە، هاوکات لە کەرتی نیشتەجێبووندا 25 دەرفەت لە 11 پارێزگادا پێشکەش دەکرێت لە شێوەی درووستکردنی زیاتر لە 150 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.

ئاماژەی بەوەشکرد کە کەرتی گەشتیاری و کات بەسەربردن نۆ دەرفەت لەخۆدەگرێت لە زیقار، نەجەف، نەینەوا، بابل و شاری پیرۆزی کەربەلا، کە بریتین لە پڕۆژەی گەشتیاری و شارەکانی هاوینەهەواری، جگە لە هەلی وەبەرهێنان لە کەرتی گواستنەوە و بەندەرەکان بۆ درووستکردنی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەی مەدەنی.

لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە خستنەڕووی کەیس و دەرفەتەکان لە کەرتی پەیوەندییەکان بە ڕەخساندنی 2 دەرفەت بۆ درووستکردنی ناوەندی داتا و کەیبڵی ژێردەریایی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە دوورگەی فاو، جەختی لەوە کردەوە: ئەم کۆڕبەندە سەکۆیەکی کاریگەرە بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی لە لایەک، و وەزارەت و دامەزراوە عێراقییەکان لە لایەکی دیکەوە، عێراقیش هیوادارە ببێتە ناوەندێکی ناوچەیی بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان بە پاڵپشتی حکومەت و هاندانی کەرتی تایبەت./.