جام کوردی - ئێران بانگەوازی ترەمپ بۆ گفتوگۆ ڕەتدەکاتەوە و ئەمریکا بە گەورەترین بەرهەمهێنەری تیرۆر و پاڵپشتیکاری تیرۆریستان لە ئاستی نێودەوڵەتی ناودەبات.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، بە توندی وەڵامی بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە بۆ گفتوگۆ، کە تێیدا واشنتنی بە "رەفتاری دوژمنکارانە و تاوانبارانە" تۆمەتبار کرد، ئەم کاردانەوە توندە دوای وتارەکەی ترەمپ دێت لەبەردەم کنێست کە تێیدا ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری تیرۆرە لە ئاستی جیهاندا و پشتیوانیی تاوانەکانی ئیسرائیل دەکات.
ڕەخنەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتوونەتە لووتکە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری ئیسرائیل دەستی کردووە بە بۆردوومانکردنی چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمی لە ئێران. ئەم هێرشانە دوای وەستانی پێنج گەڕی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمی لەگەڵ تاران هات، کە بەهۆی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی وەک پیتاندنی یۆرانیۆمەوە وەستابوو.
وڵاتانی ڕۆژاوا بە بەردەوامی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام تاران ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانە و مەدەنییە.
ڕۆژی دووشەممە، ترەمپ لە وتارێکیدا لەبەردەم کنێست کە ڕاستەوخۆ پەخشدەکرا دووپاتی کردەوە کە خوازیاری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتییە لەگەڵ تاران، سەرباری ئەو هێرشانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا شانبەشانی ئیسرائیل ئەنجامی دان بۆ سەر چەند ناوەندێکی ئەتۆمی لە ئێران.
ترەمپ لە وتارەکەیدا وتی: "زۆر نایاب دەبێت ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنێکی ئاشتی وتیشی: ئایا ئەمە دڵخۆشتان ناکات؟ ئایا ئەمە جوان نابێت؟ پێم وایە ئەوانیش ئەوەیان دەوێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەوامی قسەکانیدا پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی تاران کرد: ئێمە ئامادەین کاتێک ئێوە ئامادەبن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، هەروەها ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە کرد و وتی: ئەگەر ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بووایە، ئەوا وڵاتانی عەرەبی بەو ڕێککەوتنەی ئێستامان قایل نەدەبوون.