جام کوردی - «سەید عەباس عێراقچی» وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی ئیکس نووسی: ئێران سپاسی بانگهێشتەکەی سەرۆک کۆماری میسر دەکات بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنەکەی شەرم شێخ. سەرەڕای خواستی ئێمە لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان، نە سەرۆک کۆمار پزیشکیان و نە من، ناتوانین هەڵسوکەوتمان لەگەڵ کەسانێکدا هەبێت کە هێرشیان کردووەتەوە سەر خەڵکی ئێران و بەردەوام هەڕەشە لە ئێمە دەکەن و گەمارۆ دەخەنە سەرمان.
هەندێ کەس لە ناوخۆی ئێران داوایان لە سەرۆک کۆماری وڵات دەکرد بڕوات بۆ شەرمولشێخ و تەوقە لەگەڵ ترەمپدا بکات! ئەو ترەمپەی کە لە ناوەڕاستی دانووستاندنەکانی ئێران لەگەڵ نوێنەرەکەی لە عەممان، گەرای هێرش کردنە سەر ئێرانی بە ڕژێمی زایۆنی دا و چەند ڕۆژ دواتریش خۆی هاتە ڕیزی هێرشبەرانەوە.
هێشتا لە وتە زۆر گەشبینانەکەی وتەبێژی حکوومەتی ئێران سەبارەت بەوەی کە «حکوومەت لە هەوڵێکی زۆر دایە تاکوو بە بەرەو پێشبردنی دیپلۆماسی شەڕ لە ئێران دوور بخاتەوە» چەند ڕۆژێک تێنەپەڕیبوو کە محەمەد مۆهاجری و محەمەد قووچانی دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە نووسینێکی هاوبەشدا بە بانگهێشت نامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێران بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی شەرمولشێخ، نووسیویانە:« بەڕێز سەرۆک کۆمار ئەگەر نیۆیۆرک لەکیس چوو، شەرم شێخ بەهەل بزانە.»
شەرم شێخ پازڵێک لە پلانی فریوکارانە
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە لە شەرم شێخ چی تێپەڕی و تێیدا چی ڕوویدا؟ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕادەربڕینێکدا سەبارەت بە ئەو پلانی ئاشتییەی کە خۆی ڕایگەیاندووە بە ئاماژە کردن بەوەی كە ئەوەی هاتووەتە ئاراوە زیاتر لە غەززەیە، ئەم ئاشتیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دایە و سەرسوڕھێنەر دەبێت، وتی: پێموایە ئێران بەشێک دەبێت لە پرۆسەی بەربڵاوتری ئاشتیەکە.
ترەمپ بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئاگربەستی غەززە، تەنیا بەشێکە لە پلانێکی گەورەتر بە ناوی «ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» کە ئەو دەڵێت قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کردووە. لەڕاستیدا، ڕۆڵی ترەمپ نەک ناوبژیوانی ئاشتی، بەڵکوو ڕزگارکەری نەتانیاهۆیە کە بە پشتیوانی کردن لە ئاگربەست، ڕژێمی زایۆنی لە زەلکاوی شکست لە غەززە دەرهێناوە. ئەو بە ڕاشکاوی وتی:«پەیوەندی من لەگەڵ بی بی (نەتانیاهۆ) زۆر باش بوو. ئەو زۆر خۆشحاڵە و دەبێت خۆشحاڵیش بێت! ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە.» خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە ترەمپ ئەم ئاگربەستەی بە پێشەکییەک بۆ فراوان کردنی پەیمانی ئیبراهیم دەزانێت؛ پلانێک کە لە خولی یەکەمی سەرۆک کۆماری ئەو لەژێر ناوی «مامەڵەی سەدە» دەستی پێکرد و دوا ئامانجی، سڕینەوەی بەرەی موقامەوە لە ناوچەکە و جێگیرکردنی ڕژێمی زایۆنییە وەک ئەکتەرێکی فەرمی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەو تەنانەت هیوای ئەوەی خواست کە ئێرانیش بێتە نێو ئەم پلانە: « ئەمریکا هیوادارە تاران ببێتە هاوبەشی ئەم ئاراستەیە.» ئەمە لە حاڵێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕاشکاوی وتوویەتی: « پلانی ئیبراهیم خائینانەیە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئاوات و ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامیەوە نیە.»
بڕیاری لۆژیکی ئێران
کۆماری ئیسلامی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بانگهێشتەی بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی شەرم شێخ پێیگەشت و پاش بەوردی لێکدانەوەی ڕەهەندە سیاسی، هەرێمی و یاساییەکانی ئەم بانگهێشتە، بڕیاری دا بەشداری لەم دانیشتنەدا نەکات. هۆکارەکانی ئەم بڕیارە زۆر ڕوونە و پشتی بەستووە بە پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندیە هەرێمی و نیشتمانییەکان یەک دەگرێتەوە کە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین:
١. ئامادە بوون لە دانیشتنی شەرم شێخ بەواتای پەسند کردنی ناڕاستەوخۆی ئەو پلانانەیە کە دژی بەرژەوەندیەکانی گەلانی ناوچەکە، بەتایبەت خەڵکی فەلەستین بوو. ئەم دانیشتنە کە لەسەر تەوەری بەناو «ئاشتی ئیبراهیم» بەڕێوە چوو، بە کردە بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی و داننان بە رۆڵی ڕێبەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە کۆتایی هات.
۲. بەشداری کردن لەم دانیشتنەدا بەمانای دانووستاندن بوو لەگەڵ داکۆکیکار و جینایەتکارانی خەڵکی غەززە و ناوچەکانی دیکە. ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕژێمی زایۆنی بە مێژوویەکی درێژ لە هەستان بە هەنگاوە نایاساییەکان و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ، بۆ نموونە کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین و هەروەها سەپاندنی چەندین شەڕی دیکە ناتوانن وەک هاوبەشانی متمانە پێکراو لە دانووستاندنەکانی ئاشتی باسیان لەسەر بکرێت. بەشداری ئێران لە دانیشتێکی لەم شێوەیەدا ڕەوایی دان بوو بەو کارانە.
۳. ئەزموونەکانی پێشوو دەرخەری بێ بەڵێنیە یەک لەدوای یەکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە دانووستاندن و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان. نموونەی هەرە دیاری ئەم بێبەڵێنیە، جێهێشتنی تاک لایەنەی ئەمریکایە لە بەرجام و دانانی گوشارە نایاساییەکانە لە دژی ئێران، هەروەها ڕژێمی زایۆنی چەندین جار بەڵێنەکانی خۆی لە ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پێشێل کرد. ئەم پێشینە نێگەتیڤانە، دانیشتنی شەرم شێخی کردە پرۆسەیەکی نمایشی و بێ بنەما.
۴. دانیشتنی شەرم شێخ لەباتی تەرکیز کردن لەسەر چارەسەری ڕیشەیی قەیرانەکان، بە دوای ئەوە بوو هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەکە پتەوتر بکات. پرۆسەیەکی لەم شێوەیە لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە جەخت لە سەربەخۆیی هەرێمی و پشتیوانی کردنە لە بەرەی موقامەوە، یەک ناگرێتەوە.
کەواتە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە پشت بەستن بە پرەنسیپە سیاسییەکانی دەرەوەی خۆی و بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیە نیشتمانییەکان و داکۆکی کردن لە گەلانی ستەم لێکراوی ناوچەکە، بەتایبەت خەڵکی فەلەستین، بڕیاری دا کە بەشداری نەکات لە دانیشتنی شەرم شێخ، سەرەڕای ئەمەش هەندێک لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەیانەوێت ئەم بڕیارە بە لەکیس چوونی هەل لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەتایبەت بابەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئەمریکا و نەگونجان لەگەڵ یاساوڕێسا ناوچەییەکان لێک بدەنەوە.
پلانێک بۆ ڕزگارکردنی ئیسرائیل
سەرەڕای ئەو بابەتانەی کە ئاماژەمان پێکرد، پرسە ناوچەییەکان، بۆ نموونە پرسی فەلەستین، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە کەیسی ناوەکی ئێران و دانووستاندنەکانی پەیوەست بە لابردنی سزاکانەوە نیە و هەر هەوڵێک بۆ پەیوەست کردنی ئەم دوو بابەتە ناڕاستە و خزمەت بە هیچ لایەک ناکات. کۆماری ئیسلامی ئێران داکۆکی لە هەڵوێست و بڕیارەکانی بەرەی موقامەوە، بەتایبەت حەماس دەکاتەوە و ڕۆڵێکی برا گەورە بۆ وڵاتانی ناوچەکە قایل نیە. ئەم دەستە و وڵاتانە توانایی داکۆکی کردن لە ماف و بەرژەوەندیەکانی خۆیانیان هەیە و پێویست بە نوێنەرایەتی ئێران لەم بوارەدا ناکات، کەواتە پێویست بە بەشداری ئێران لەو دانیشتنەدا کە لەبنەڕەتدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ داکۆکی لە مافی گەلی فەلەستینەوە نیە، نەبوو. ئەو دانیشتنە لەبری ئەوەی بەستێنێک بێت بۆ دانووستاندن سەبارەت بە پرسەكانی فەلەستین، تەنیا شانۆیەک بوو بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی پلانە لە پێش دیاریکراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. بڕیارەکانی ئەو دانیشتنە پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی درابوو. بەشداری کردن تێیدا بەتەنیا دەبووە ھۆی پشتڕاست کردنەوەی ڕواڵەتیی سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. پرۆسەیەکی لەم شێوەیە نەک یارمەتی چارەسەر کردنی پرسەکانی ناوچەکە نادات بەڵكوو ڕەوایی دەبەخشێتە ئەو پلانانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندیەکان گەلانی ناوچەکە یەک ناگرنەوە.
ئەم پلانەی کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە ئاراستە کراوە، لەڕاستیدا بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی زایۆنی لە تەنگەژەکانی ئێستا پلانی بۆ دانراوە. ئەم پلانە لە هەلومەرجێکدا خراوەتە ڕوو کە کردە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی و هەڕەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەیانتوانیوە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن. شکستی ئاراستە سەربازییەکان لەدژی مقاومەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕژێمی زایۆنی گەیاندووە بەو ئەنجامەی کە چارەسەری سەربازی سەرکەوتوو نابێت، کەواتە ئەم دانیشتنە و پلانە پێشنیار کراوەکەی، تەنیا هەوڵێک بوو بۆ سەقامگیری دۆخی ڕژێمی زایۆنی، کەواتە بەشداری کردن تێیدا لەگەڵ بەرژەوەندیە ناوچەیەکان و سیاسەتەکانی ئێران یەکی ناگرتەوە.