جام کوردی- دادگایەک لە بەریتانیا پیاوێکی ٣٧ ساڵانی بە ناوی محەمەد عەلی نەریمان، ناسراو بە حەمە کەلاری کە هاووڵاتی عێراق و دانیشتووی لەندەنە بە تۆمەتی قاچاخچیەتی مرۆڤەوە دادگایی کرد و بە تاوانباری ناساندی. دادگا، ١٤ی ئۆکتۆبەر (٢٢ی ڕەزبەر) ئەم پیاوەی بە بەرپرسی گواستنەوەی سەدان کۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا زانیوە کە بە بەلەمی بچووک، گەورە و یان بارهەڵگر ئەنجام داوە. دادگا دوو مانگی دیکە بڕیاری لەسەر دەدات.
پاسەوانانی سنووریی بەریتانیا لە فیبریەی ٢٠٢٢ (ڕێبەندانی ١٤٠٠) ١٤ کۆچبەری ئێرانی، عێراقی و ئەلبانیاییان قۆڵبەست کرد و تاوتوێ کردنی ڤیدیۆی مۆبایلەکانیان چەندین سەرەداوی خستە بەردەستی پۆلیسی ئاژانسی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی بەریتانیا تاکوو نزیکەی ساڵێک دواتر قۆڵبەستی بکەن.
نەریمان لەبەر تێکچوونی دەروونی پاش ڕووداوەکە، گوشاری ڕۆحی و خەمۆکی مەرجەکانی ئامادە بوون لە دادگای تێدا نەبوو. بەڵام دادوەری دادگای تاوانەکانی میدستۆن بڕیاریدا تاکوو دادگایکردنەکەی ئەو بەپێی ڕاستییەکان و بەڵگە کۆکراوەکان لەلایەن ئاژانسی نیشتمانی تاوانەکانی بەریتانیاوە بەڕێوە بچێت.
ئەفسەرانی ئاژانسی نیشتمانی تاوانەکان پیاوێکیان بە ناوی عەلی عومەر کەریم، ٤٧ ساڵان، دانیشتووی پۆرتسمۆس لە باشووری ئینگلستان بە هاوبەشی تاوانەکانی نەریمان پێناسە کرد کە لە بە قاچاخ بردنی مرۆڤدا لەڕێگەی نۆکەندی مانشەوە، دەستی هەبووە. ئەو لە بەهاری ٢٠٢٤ (١٤٠٢)-دا و دوابەدوای بەندبوونی بەلەمێکی گەشتیاریی لە قووڕدا کە پڕ بوو لە کۆچبەر، دەستگیر کرا و دواتر تاوانبار کرا و سێ مانگی دیکە دادگا بڕیاری لەسەر دەدات.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی بەریتانیا، عەلی عومەر کەریم تۆڕێکی لە قاچاخچییەکانی مرۆڤ لە باکووری ئەورووپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ کردووە. پۆلیس لەنێو مۆبایلەکەی ئەودا چەندین بەڵگەیان لەسەر گواستنەوەی چەندین کەس لە وڵاتە جیاوازەکان بۆ نموونە سربیا، تورکیا و کۆزۆ و بۆسنە دەستکەوتووە کە دەریدەخات ئەو کەسانەیان بە بارهەڵگر لە سنووری رۆمانیا و هەنگاریا تێپەڕاندووە.
پۆلیس لەنێو مۆبایلی ئەو دوو کەسە چەندین بەڵگە و وێنەیان لە پاسەپۆرتی کۆچبەران، وتووێژ لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار، ئەو پارەیانەی کە لە کۆچبەران وەریانگرتبوو و تەنانەت ئەو دەمەقاڵەیانەی کە لەگەڵ هەندێ لەو کەسانەی کە ئاسانکاریان کردوو تاکوو لە سنوور بپەڕنەوە، دەست کەوتووە. ئەوان بڕە پارەیەکی نێوان هەزار تاکوو زیاتر لە دوو هەزار دۆلاریان لە هەر کۆچبەرێکی نایاسایی بەپێی شوێنی مەبەست وەرگرتووە.