جام کوردی - کاروان ستونی گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمرۆ ١٦\١٠\٢٠٢٥ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومڕە عومڕەکارێکی کورد بەناوی (مەلیحە ئەحمەد عەلی خان)،لە سنووری عەرەعەری سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
کاروان ستونی هەروەها گوتی ئەم عومڕەکارە خەڵکی کەلارە وتەمەنی هەشتا و هەشت ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بووە بەداخەوە ئەمرۆ لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوای سعوودیە لە مەرزی عەرعەر کۆچی دوایی کردووە دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت.
کاروان ستونی هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە کە پەیوەندییان کردووە بە حاجی عەلی خاوەن کۆمپانیای حەج و عومڕە کە ئەو عومڕەکارەی لەگەڵدا بووە ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو عومڕەکارە و گوتی : بە بەردەوامی دوو فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری عەرعەر دەوام دەکەن تاوەکوو کارئاسانی بۆ عومڕەکارانی کوردستان بکەن و تا بەرەبەیانی ئەمرۆ فەرمانبەرانمان لە عەرعەر هاوکاربوونە تاوەکوو تەرمی ئەو عومڕەکارە بەرێ کراوە بۆ رومادیش لەویش ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ دابینکردنی هەر شتێک تاوەکوو تەرمی ئەو عومڕەکارە دەگاتەوە شاری کەلار.