جام کوردی - جومانە غەلاى گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵەکانی ڕاگەیاند" لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان، 400 بەربژێر سزادراون. لەو ژمارەیە 291 بەربژێرى پیاوو 49 بەربژێرى ژن بوون.

وتیشى "60 بەربژێرى دیکە بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون."

بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، حەوت هەزار و 768 بەربژێر پەسەندکراون، زیاتر لە 830 کەسیش لە بەربژێربوون دوورخراونەتەوە، کە بەوتەى جومانە غەلاى زۆرینەیان بەهۆی یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری و گەندەڵییەوە بووە.

لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران باسى لەوەشکرد" ڕاهێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بەردەوامەو تاوەکو کۆتایى ئەم مانگە بە سێ قۆناغ ڕاهێنان بەسەرجەم کارمەندەکان دەکەن کە ژمارەیان 230 هەزارە."

ئامادەکارییەکان لە کاتێکدایە 13 ڕۆژە بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کاتژمێر حەوتى بەیانى ڕۆژى هەشتى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەردەوام بێت.